ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی سوید، ململانێیەكی زۆر نزیكی لە نێوان بەرەی چەپ و ڕاست نیشان دەدەن، بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆكایەتی پارتی سۆسیال دیموكرات بە جیاوازی یەك كورسی لە پێش هاوپەیمانیی ڕاستڕەوەكانە، ئەمەش وای كردووە داهاتووی حكومەتی نوێ نادیار بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەگوێرەی میدیاكانی سوید، دوای جیاكردنەوەی ٩٠٪ی دەنگەكان، چوار پارتی ئۆپۆزسیۆن كە ماگدالینا ئەندرسۆن سەرۆكایەتییان دەكات، زۆرینەی پەرلەمانیان بە جیاوازییەكی كەم بەدەستهێناوە. ئەندرسۆن ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بەرەو حكومەتێكی نوێ دەچێت، هەرچەندە پارتی سۆسیال دیموكرات یەكێك لە خراپترین ئەنجامەكانی مێژوی خۆی تۆماركردووە و ٢٨٪ی دەنگەكانی هێناوە.
لە بەرامبەردا،
پارتی "میانڕەوەكان" بە سەرۆكایەتی ئولف كریستێرسۆن ١٩.٩٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە
و هێشتا كۆڵ نادات، چونكە گومانی لە توانای لایەنە چەپەكان هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی
هاوبەش بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوانیان.
ئەم هەڵبژاردنە
سوپرایزێكی گەورەی تێدا بوو، ئەویش پاشەكشەی پارتی "دیموكراتەكانی سوید"ی
ڕاستڕەو بوو بۆ یەكەم جار لە دوای ساڵی ٢٠١٠ـەوە، كە پێگەی خۆی وەك دووەم گەورەترین
پارتی وڵات لەدەست دا.
لە كاتی
هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا، بابەتەكانی وەك گرانیی بژێوی، تەندروستی، كۆچ و كۆنتڕۆڵكردنی
تاوانەكان سەرەكیترین تەوەری گفتوگۆكان بوون. شارەزایانی سیاسی پێیان وایە كە پڕۆسەی
پێكهێنانی حكومەت زۆر ئاڵۆز دەبێت و پێویستی بە كاتی زۆرە، چونكە تێپەڕاندنی ناكۆكییە
سیاسییەكانی نێوان پارتی ناوەڕاست و چەپەكان كارێكی ئاسان نییە بۆ گەیشتن بە زۆرینەیەكی
جێگیر لە پەرلەماندا.
لەو
بارەیەوە ئولف كریستێرسۆن، سەرۆك وەزیرانی كاتیی سوید ڕایگەیاند، "هێشتا پرسیاری
ئەوەی كێ فەرمانڕەوایی سوید دەكات لە سالانی داهاتوودا بێ وەڵام ماوەتەوە، هەرچەندە
ڕێز لە هەوڵەكانی ئەندرسۆن دەگرم بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئێمەش بەدوای زۆرینەیەكی
پەرلەمانیی نا سۆسیالستدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی بەرنامەی خۆمان جێبەجێ بكەین".