PM:09:39:13/09/2026
808 جار خوێندراوەتەوە
لە ئەنجامی دزەکردنی گازی ئامۆنیا لە کۆمەڵگەی پەینی کیمیایی باشوور لە ناوچەی خۆر ئەلزوبێر لە پارێزگای بەسرە، دوو کارمەندی کارگەکە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا و ١٥ـی دیکەش تووشی خنکان بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، سەرچاوەیەکی پزیشکی لە پارێزگای بەسرە رایگەیاند، لە کارگەی پەینی کیمیایی باشوور لە ناوچەی خۆر ئەلزوبێری پارێزگای بەسرە دزەکردنی گازی ئامۆنیا روویدا و، بەهۆیەوە دوو کارمەندی کارگەکە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا، هەروەها ١٥ کارمەندی دیکەش تووشی خنکان بوون کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و باری تەندروستیی دووانیان جێگیر نییە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە پزیشکییەکە، یەکێک
لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە کارمەند بووە بە پلەی سەرپەرشتیار لە بەشی ئامێرە
وردەکانی کارگەکە، ئەوی دیکەشیان کارمەندی بەشی پەستێنەرەکان (کۆمپرێسەرەکان) بووە
لە هەمان کارگە.
سەرچاوە پزیشکییەکە جەختیشی کردەوە، پێشکەشکردنی
خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ تەواوی تووشبووان بەردەوامە، بەڵام باری تەندروستیی دوو لە
بەرکەوتووەکان ناجێگیرە و لە دۆخێکی مەترسیداردان.