PM:09:28:13/09/2026
552 جار خوێندراوەتەوە
وەزیری دارایی عێراق جەخت لەسەر بەردەوامیی حکومەت لە پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان دەکاتەوە، هاوکات ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەردەبڕێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، فالح ساری وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی کارسازانی عێراقی - بەریتانی ئەنجامدا، تێیدا تاوتوێی هەلەکانی وەبەرهێنان و فراوانکردنی هاوبەشی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرا، وەزیری دارایی جەختی لە رەخساندنی ژینگەی گونجاو بۆ کەرتی تایبەت و هەمەجۆرکردنی ئابووری کردەوە، لایەنی بەریتانیش ئارەزووی خۆیان بۆ زیاترکردنی چالاکیی کۆمپانیاکانیان لە عێراقدا دەربڕی.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی روونی
کردەوە، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی تایبەت لە ئابووریی
وڵاتدا و کار دەکات بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوی وەبەرهێنان تا بتوانرێت
کۆمپانیا و وەبەرهێنانی جۆری رابکێشرێت. ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی دارایی کار بۆ
هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری و پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییە پێویستەکان بۆ
کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات.
لە لایەنی بەرامبەرەوە، بارۆنێس إیما نیکلسۆن
سەرۆکی شاندی ئەنجومەنی کارسازانی عێراقی – بەریتانی، سەرنجی ئەنجومەنەکەی دووپات
کردەوە بۆ فراوانکردنی چالاکیی کۆمپانیا بەریتانی و عێراقییەکان لە ناوخۆی
عێراقدا، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەتی زیاتری وەبەرهێنان و شەراکەت لە سێکتەرە
جیاوازەکاندا.