سەردێڕ:

قائیمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێکی لە بارەی زیادەڕۆیی دەرکرد

AM:11:32:13/09/2026

1152 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی و پاککردنەوەی شۆستە و شەقامەکان دەرکرد و هۆشداریش دەدات کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بەوەکالەت و بە ئامادەبوونی لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوشار، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕێکاری و نوێنەرانی هاتووچۆ و ئاسایش، گفتوگۆ لەبارەی دیاردەی زیادەڕۆیی کراوە و چەند بڕیارێک دراون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە ڕێکخستنەوەی کۆشک، مێز و عەرەبانەکان و لابردنی سەرجەم ئەو ڕێگرییانەی کراونەتە سەر شۆستە و شەقامەکانی شارەکە.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە، ڕێکاری یاسایی توند دەگیرێتەبەر بەرامبەر بەو کەسانەی مامەڵەی نایاسایی بەو شوێنانەوە دەکەن، یان ئەوانەی پابەندی ڕێنماییەکانی لیژنە پەیوەندیدارەکان نابن.













گەلەری