سەردێڕ:

زەیدی: دەرگای نوێی هاریکاری و وەبەرهێنان لەگەڵ پاریس و بەرلین دەکەینەوە

AM:10:16:13/09/2026

972 جار خوێندراوەتەوە

لە یەکەم سەردانی فەرمیدا بۆ ئەوروپا، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەکانی وزە، ئاسایش و ئابووری لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاویکردووەتەوە، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای فەرمی، سەردانێک بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئەنجام دەدات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە عێراق پێگەی خۆی بگەڕێنێتەوە و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بنیاد بنێتەوە.

بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ پاریس دەرگای نوێ بۆ هاریکاری، وەبەرهێنان و گەشەپێدان دەکەنەوە و هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەڵمانیا وتویەتی، "لەگەڵ بەرلین کار دەکەین بۆ دامەزراندنی هاوبەشی لە بوارەکانی رۆشنبیری، تەکنەلۆجیا و پیشەسازی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و گەشەپێدان دامەزرابێت".

لە کۆتاییشدا زەیدی ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەمڕۆ عێراق بە متمانەوە دەڕوانێتە جیهان و کار دەکات بۆ بونیادنانی هاوبەشیی ڕاستەقینە، بە جۆرێک کە تواناکانی بکاتە هێزێکی ئابووری و هەرێمیی کارا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.













گەلەری