سەردێڕ:

دەزگای ئاسایشی هەرێم: لە خورماڵ ئەمیرێکی داعشمان دەستگیرکرد

AM:08:25:13/09/2026

152 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند ئەمشەو، لە خورماڵ ئەمیرێك و ٢٢ ئەندامی داعشییان دەستگیر كردووە، گروپەكە كە هەموویان كوردن، چەك و تەقەمەنییان پێ بووە و بە نیاز بوون لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بەڵام لە ئۆپراسیۆنێكی ٩٦ كاتژمێریدا پلانەكەیان پوچەڵكرایەوە.


بەگوێرەی ڕوونكردنەوەیەكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەكان بە هاوكاریی ئاسایشی سلێمانی و هەڵەبجە، توانییان دوو مەفرەزەی چەكدار و ژمارەیەك ئەندامی نهێنیی داعش دەستگیر بكەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە كاتی دەستگیركردنی ئەمیرە شەڕعییەكەی گروپەكە لە ناحیەی خورماڵ، ڕووبەڕوبوونەوەی چەكداری ڕوویداو و تەقە كراوە، بەڵام هێزەكانی ئاسایش توانیویانە بەبێ زیانی گیانی كۆتایی بە ئۆپراسیۆنەكە بهێنن، لەم چالاكییەدا دەست گیراوە بەسەر بڕێكی زۆری چەكی قورس، مامناوەند، بۆمبی دەستی، دووربین و تەقەمەنیدا كە بۆ كاری تێكدەرانە ئامادە كرابوون.

هەر لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەم گروپە بە نیاز بوون لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا چەند كردەیەكی تێكدەرانە ئەنجام بدەن. لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەر ٢٢ دەستگیركراوەكە بەردەوامە كە هەموویان ڕەگەزی كوردن و بەڵگەكان لەبەردەست دادوەری لێكۆڵینەوەدان.

ئاسایش جەختی كردووەتەوە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دانپێدانانی تەواوی گروپەكە و بەڵگەكانیان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەكەنەوە تاوەكو هاوڵاتییان لە وردەكاریی پیلانەكان ئاگادار بن.

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، "لە ماوەی ٩٦ كاتژمێری ڕابردوودا بە فەرمانی سەرۆكی دەزگای ئاسایش و بە بڕیاری دادوەر، توانراوە ئەم گروپە مەترسیدارە دەستگیر بكرێن و دەست بەسەر هەموو ئەو چەك و تەقەمەنییانەدا بگرن كە بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی ئامادەیان كردبوو".













گەلەری