سەردێڕ:

ڕاگەیەندراوێک لە شاندی دانوستانکاری هەرێمەوە لەبارەی مووچە و بودجەی هەرێم

PM:06:54:12/09/2026

1504 جار خوێندراوەتەوە

شاندی دانوستانکاری حکومەتیماوەبەسەرچوو لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی و فراکسیۆنی ئەو حزبە لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و جەخت لەسەر جێگیرکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم کرایەوە، بە تایبەتی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ دواخستن و دوورخستنەوەی پرسی مووچە لە ناکۆکییە دارایی و سیاسییەکان.


ئەمڕۆ شەممە ١٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە راگەیەندراوێکدا شاندی دانوستانکاری هەرێم بڵاویکردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکار ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەم دواییەی خۆی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و وەزارەتی نەوتی عێراق خستەڕوو، تێڕوانین و پێشنیارە سەرەکییەکانی هەرێم سەبارەت بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، تاوتوێ کران.

وتیشی، جەختیان کردەوە لەسەر جێگیرکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم، بە تایبەتی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ دواخستن.

هاوکات جەخت کرایەوە لەسەر بایەخی هەماهەنگی لە تەواوی قۆناغەکانی ئامادەکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەدا.

جەختیشکرایەوە لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆن و نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە پێناوی پاراستنی ماف و شایستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی دا.

هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند، هێشتا لەسەر دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان ڕێكنەكەوتوون و وتیشی، هەوڵدەدەن پرسی دامەزراندنی گرێبەستەكان، یەكەمەكان و دەرچووانی پزیشكی لە بودجە بچەسپێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە مووچەی هەرێم لە چوارچێوەی خەرجیی کرداری دەربچێت و هاوشێوەی سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق مانگانە لە چوارچێوەی بودجەی قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەرانی حكومی خەرجبكرێت.

سەبارەت بە سووتەمەنیش وتی، دەبێت لە نەوت و بەنزین پشكی هەرێمی كوردستانیش دابین بكرێت.

بڕیارە شاندەکەی هەرێم بۆ هەمان مەبەست سەردانی لایەنە سیاسیەکانی دیکەی هەرێمیش بکەن.













گەلەری