سەردێڕ:

گروپە چەکدارەکانی عێراق رەتیدەکەنەوە هێرشیان کردبێتە سەر سعودییە

PM:01:11:12/09/2026

964 جار خوێندراوەتەوە

مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق بە ئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە لە لایەن هێزەکانییەوە ڕەت دەکاتەوە و ئامادەیی خۆشیی بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکانی حکومەت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەردەبڕێت.


ئەمڕۆ شەممە ١٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی مقاوەمەی عێراق دەکرێن دەربارەی لێدانی دامەزراوە هەستیارەکانی سعوودیە "شانازییەکە و نایکەین بە هی خۆمان".

هاوکات نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی حکومەتی عێراق بەبێ پشتبەستن بە بەڵگەی باوەڕپێکراو یان لێکۆڵینەوەی مەیدانی، پەلەی کردووە لە پەسەندکردنی ئەم تۆمەتانەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دووبارەکردنەوەی ئەم تۆمەتانە هەوڵێکە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی سوپای سعوودیە لە بەرامبەر هێزەکانی یەمەندا.

دەشڵێت، جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان بۆ پشتیوانیکردنی گەلی یەمەن دەکەینەوە و ناچینە ناو ئەو پرۆژانەی کە ئامانجیان پەلکێشکردنی عێراقە بۆ ناو قەیرانە هەرێمییەکان.

وتیشی، ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە هەر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حکومی، تاوەکو لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان بکرێت و لە جیاتی پشتبەستن بە گێڕانەوە گوماناوییەکان، ڕاستیی ڕووداوەکان ئاشکرا بکرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی، هێڵی بۆریی نەوتی ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوا لە سعوودیە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج و ڕیاز گرووپە چەکدارەکانی عێراقی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد. لە بەرامبەردا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەی دەستپێکرد و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسانی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، چونکە بەپێی زانیارییە سەرەتایییەکان هێرشەکان لە سنووری ئەو پارێزگایەوە ئاراستە کرابوون.













گەلەری