سەردێڕ:

لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، لە یەمەن چی روویداوە بیزانە؟

PM:03:46:11/09/2026

1480 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، گۆڕەپانی سەربازی و سیاسیی یەمەن شایەتی ئاڵۆزیی بەرچاو بووە. پاش کۆنترۆڵکردنی بەندەری ستراتیژیی مەخا لەلایەن چەکدارانی حوسییەوە، ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای سوور رووبەڕووی مەترسیی جدی بووەتەوە، لە کاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەردەوامن.


ئەمڕۆ هەینی ١١ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، دوای پێشڕەوییەکانی حوسییەکان و دەستبەسەرداگرتنی بەندەری مەخا، مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی دەریای سوور و رێڕەوە ئاوییەکان زیادیان کردووە، لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، چڕبوونەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانیوە تا ئێستا کاردانەوەی سەربازیی راستەوخۆی ئەمریکا بەدوای خۆیاندا بهێنن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەباشیی هێزەکانی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی و سوپای یەمەن بۆ بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکان.

لەگەڵ چڕبوونەوەی پێکدادانەکانیش لە شەوی رابردووەوە، گۆڕانکاریی لە نەخشەی سەربازیی ناوچەکەدا روویانداوە و لێکەوتەی مەترسیداری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەجۆرێک چەکدارانی حوسی لە هێرشێکدا دەستیان بەسەر بەندەری ستراتیژیی مەخادا گرت لە نزیک گەرووی بابولمەندەب، کە ئەوەش دەسەڵاتی سەربازیی ئەوانی بەسەر سنوورە دەریاییەکاندا بەهێزتر کردووە و بووەتە هۆی پەککەوتن و کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە دەریای سوور و گەرووی هورمز، کە نیگەرانیی گەورەی بۆ بازاڕی وزەی جیهانی دروستکردووە.

هاوکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سەرەڕای داواکارییە ناوچەیییەکان بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی خێرا لە دژی چەکدارانی حوسی، واشنتن رایگەیاندووە، لەم کاتەدا هیچ ئامادەکارییەکی بۆ هێرشی سەربازیی راستەوخۆ دژی حوسییەکان نییە و بەدوای رێکاری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت، لە بەرامبەریشدا سوپای یەمەن و هێزەکانی هاوپەیمانان لە پارێزگاکانی باشوور کەوتوونەتە ئامادەباشیی تەواوەوە تا رێگە لە پێشڕەویی زیاتری هێزەکانی حوسی بگرن بەرەو ناوچە ستراتیژییەکانی تر.













گەلەری