PM:03:06:11/09/2026
740 جار خوێندراوەتەوە
دەستەی دەستپاکی عێراق هەڵمەتێکی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدا و توانی بەڕێوەبەری بەشی وەبەرهێنان لە شارەوانیی تکریت دەستگیر بکات، بە تۆمەتی راییکردنی مامەڵەی وەبەرهێنان و بەخشینی زەوی بە شێوەیەکی نایاسایی و بۆ دەستکەوتی کەسی لەسەر حسابی دەوڵەت.
ئەمڕۆ هەینی ١١ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی بڵاویکردەوە، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین بە فەرمانی دادوەر، بەرپرسی بەشی وەبەرهێنانی شارەوانیی تکریتیان دەستگیرکرد، لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی فەرمی شارەوانی، بڕێک پارەی عێراقی و دۆلار، لەگەڵ زیو و زێڕ دەستیان بەسەردا گیراوە.
دەستەی
دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کرد، تیمێکی سەر بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین بەپێی
بڕیارێکی دادوەریی دادگای لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدینی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی،
توانیویانە بەڕێوەبەری بەشی وەبەرهێنان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی تکریت
دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی بە مەبەستی دەستکەوتی تایبەتی و بەپێچەوانەی یاساوە
هەستاوە بە راییکردنی مامەڵەی وەبەرهێنان بۆ بەخشینی زەوی لەڕێگەی مافی
بەکارهێنانەوە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمی، لە سەرەنجامدا دادوەری لێکۆڵینەوەی
تایبەتمەند بڕیاریداوە بە راگرتنی تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی ٣٣١ لە یاسای سزادانی
عێراقی بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەرامبەری.