سەردێڕ:

پۆلیسی گەرمیان (جن و تارمایی)ەکەی کفری ئاشکراکرد

PM:02:29:11/09/2026

1036 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد، ئەو دەنگۆیانەی لەسەر بەردبارانکردن و شکاندنی جامی ماڵ و ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن "جنۆکە"وە لە شاری کفری بڵاوکرابوونەوە دوورن لە راستییەوە، دەرکەوتووە چوار منداڵ لەپشت کردەوەکەوە بوون و ئێستاش لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون.


ئەمڕۆ هەینی ١١ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، عەقید سۆران حەمە غەریب گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە گەڕەکێکی شاری کفری بەهۆی دەنگۆی هێرشی "جنۆکە و دێو" بۆ سەر ماڵان، دوای بەدواداچوونی پۆلیس راستیی رووداوەکەی ئاشکراکرد و وتی، دەرکەوت چوار منداڵی تەمەن ١١ بۆ ١٣ ساڵان بۆ خۆشی و لادانی گومان لەسەر خۆیان ئەو کارەیان کردووە، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر راگیراون.

گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەشی بەوەدا، دوای ئەوەی هاووڵاتییانی گەڕەکێکی شاری کفری سکاڵا و ترسیان لە بەردبارانکردنی بەردەوامی جامی ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیان دەربڕیبوو، تیمەکانی پۆلیسی شارۆکەی کفری دەستیان بە بەدواداچوونی مەیدانی کرد.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا بۆیان دەرکەوتووە چوار منداڵ کە خەڵکی هەمان گەڕەکن، لەپشت ئەو رووداوانەوە بوون.

وتیشی، منداڵەکان بەپێی ئەقڵی تەمەنی خۆیان ئەو رەفتارەیان کردووە و تەنانەت یەکێکیان بەردی فڕێداوەتە ناو ماڵی خۆشیانەوە تاوەکو گومانی لایەنەکان لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە.

سەبارەت بە هەنگاوە یاساییەکان و چارەنووسی دەستگیرکراوەکانیش وتی، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر راگیراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، لەگەڵ ئەوەشدا، دایک و باوکی منداڵەکان بانگکراونەتە بنکەی پۆلیس بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە.

جەختی لەوەش کردەوە، کە بەپێی یاسای تایبەت بە نەوجەوانان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.













گەلەری