سەردێڕ:

قەیس خەزعلی: پێشمەرگە دامەزراوەیەکی دەستوورییە و پڕۆسەی چەکداماڵین نایانگرێتەوە

AM:10:50:11/09/2026

304 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت، هێزەکانی پێشمەرگە دامەزراوەیەکی دەستوورین و چەمکی "داماڵینی چەک" نایانگرێتەوە، هاوکات جەختی لە گرنگی کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە رۆژی ٣٠ـی ئەیلول دەبێتە ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوە.


ئەمڕۆ هەینی ١١ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، قەیس خەزعلی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، جەختی لە گرنگی کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، چەکی عەسائیب رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی کراوە، وتیشی، چەمکێک بە ناوی داماڵین یان کۆکردنەوەی چەکی پێشمەرگە بوونی نییە، چونکە پێشمەرگە دامەزراوەیەکی دانپێدانراوە لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا.

خەزعلی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆکردنەوەی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە داخوازییەکی رەوا و دروستە بۆ جێگیربوونی دامەزراوە ئەمنییەکان، هەروەها روونی کردەوە، سەرکردە سیاسییەکانی شیعه لە هەمووان زیاتر پەرۆشی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەن، کە بە وتەی ئەو، گواستنەوەی چەک بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە کردار ئەنجامدراوە نهک تەنها بە رووکەش.

لەبارەی هۆکارەکانی بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئاماژەی بەوەدا، ئەم دیاردەیە پەیوەست بووە بە بارودۆخی داگیرکاری و شەڕی داعشەوە، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکان هەیە.

سەبارەت بە بارودۆخی ئێرانیش، خەزعلی هۆشداریدا، رووخانی رژێم لە ئێران کاریگەرییەکانی تەنها لەناوخۆی ئەو وڵاتە نامێنێتەوە بەڵکو تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە، وتیشی، هەڵوێستی عێراق بەرامبەر ئێران لە هەڵوێستی مەرجەعییەت و حکومەت و گەلدا رەنگی داوەتەوە.

هاوکات روونیکردەوە، پۆستی جێگری سەرۆکی وەزیران بووەتە جێی ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و لەناو پێکهاتەی سونەشدا ئاستەنگ لەسەر پڕکردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری هەڵگیراوە.













گەلەری