سەردێڕ:

نرخی نەوت و زێڕ زیاتر بەرزبوونەوە

PM:09:21:10/09/2026

792 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییە سیاسیەکان و دروستبوونی مەترسی لەسەر هێڵەکانی دابینکردنی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ١٠٧ دۆلار بەرزبوویەوە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش گەیشتە چوار هەزار و ٤٢٣ دۆلار.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ١٠٧ دۆلار بەرزبووەوە و بەوەش بەرزترین ئاستی لە ماوەی سێ مانگ و نیوی رابردوودا تۆمار کرد، نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش گەیشتە ٤,٤٢٣ دۆلار، ئەم هەڵکشانەی نرخەکانیش بۆ سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانی گەرووی هورمز و هێرشە سەربازییەکانی کەنداو دەگەڕێتەوە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی داواکاری لەسەر زێڕ.

بەپێی شیکارییەکانی بازاڕی دارایی، هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوە زۆرەی نرخی نەوت بۆ زیاتربوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و تێکچوونی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە، کە زیاتر لە پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، زیادبوونی هێرشەکان و دابەزینی بڕی یەدەگی نەوتی جیهانی، وایکردووە بازرگانان نادڵنیابن لە بەردەوامیی دابینکردنی وزە، بەتایبەت دوای ئەوەی چین داواکارییەکانی بۆ کڕینی نەوت زیادکردووە.

لە لایەکی دیکەوە، بازدانی نرخی زێڕ بۆ سەرووی ٤,٤٠٠ دۆلار پەیوەستە بە پەنابردنی وەبەرهێنەران بۆ ئەم کانزا زەردە وەک پەناگەیەکی ئارام لە کاتی سەرهەڵدانی گرژییە سیاسییەکان و دڵەڕاوکێی هەڵئاوسانی ئابووریدا.













گەلەری