نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین گردبوونەوە و داوا دەکەن لەپڕۆژەى بودجەى عێراقدا پرسی دامەزراندنیان جێگیر بکرێت، ئەگەرنا پەنادەبەنە بەر بایکۆتکردنى دەوام لە فەرمانگە و ناوەندەکانى خوێندن
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، لە شارو شارۆچکەکانی هەرێم گردبوونەوەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتیان، لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێدنی ٢٠٢٦ بۆ ٢٠٢٧ داین و هێشتا برینی نادادی بەرامبەر گەورەترین و گرنگترین توێژی پرۆسەی پەروەردە ساڕێژنەکراوە.
لە سلێمانی یاداشتی ئەو مامۆستایانە، لەلایەن محەمەد
میرانی، مامۆستای گرێبەست خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو، هێشتا برینی ئەو نادادییەی
بەرامبەر بە سەرەکیترین چینی ڕاپەڕێنەری کاروباری پەروەردە و خوێندنی باڵا ساڕێژ نەکراوە
و تا ئێستا وەک توێژێکی نامۆ و بێ ماف لە سەرەتاییترین مافەکانمان بێبەش کراوین کە
ئەویش دامەزراندنمانە بەشێوەی هەمیشەیی.
هاوکات، بە دروشمی "یەکسانی لە ئەرک و جیاوازی لە
مافدا”، مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست لە شاری هەڵەبجە گردبوونەوە بەیەکدەنگ
داوای مافی بەهەمیشەییکردنیان کرد.
تۆلاس محەمەد، نوێنەری مامۆستا و فەرمانبەرانى گرێبەست،
بە ئێن ئاڕ تی وت، ئەرکیان هاوشانی میلاکە بەڵام موچەیەکی کەمتر و زۆر درەنگتریش وەردەگرن،
بۆیە چاویان لەوەیە لەناو بودجەی ٢٠٢٧دا بکرێنە هەمیشەیی،
لە قەڵادزێش هێمن
عەلی لەسەر ناو مامۆستایانی گرێبەست ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد،
لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێدنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) داین و هێشتا برینی نادادی بەرامبەر
گەورەترین و گرنگترین توێژی پرۆسەی پەروەردە ساڕێژنەکراوە، ئێمەی مامۆستایانی
گرێبەست، کە ساڵانی زێڕینی تەمەن و وزەی خۆمان لە وانەبێژی، خۆبەخشی و گرێبەستی
ناوخۆدا لەناو پۆلەکاندا بەسەر برد، تا ئێستاش لە سادەترین مافمان کە دامەزرادنی
هەمیشەیە بێبەشین.