AM:11:11:10/09/2026
352 جار خوێندراوەتەوە
کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر بەیاننامەیەکی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی (محەمەد سەعدەدین هادی)، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی زەریای چین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تیمێکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی خنکانی ئەو خوێندکارە پێکهێنراوە و ئامادەیی خۆشیان بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکەی دەربڕیوە بەمەبەستی گەشتکردن بۆ چین.
لە بەیاننامەکەی وتەبێژی کونسوڵخانەی چیندا هاتووە، درەنگانی شەوی ٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، زانیارییان پێگەیشتووە کە ئەو خوێندکارەی دکتۆرا بە کارەساتێکی دڵتەزێن لە وڵاتی چین خنکاوە، کونسوڵخانەکە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ خێزانەکەی، ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستبەجێ پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی چینەوە کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە.
کونسوڵخانەکە ڕوونیکردووەتەوە،
"بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان، دەسەڵاتدارانی ئاسایشی ناوخۆیی و زانکۆکە
بەپەلە تیمێکی تایبەتیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەپێی یاسا و ڕێکارەکان پێکهێناوە".
باسی
لەوەشکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی چین لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی
عێراق لەو وڵاتە و هەر زانیارییەکی نوێ هەبێت پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان بڵاودەکرێتەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا،
کونسوڵخانەی چین داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات ڕێز لە تایبەتمەندیی کۆچکردوو
و خێزانەکەی بگرن و خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی پشتڕاستنەکراوە.
هاوکات جەختی لەوە
کردووەتەوە کە ئامادەن هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی پێشکەش بە خێزانی کۆچکردوو بکەن
بۆ گەشتکردنیان بۆ چین بەمەبەستی ڕاییکردنی کارەکانی دوای ڕووداوەکە.