سەردێڕ:

عێراق؛ زیاتر لە ١٣ هەزار زیندانی بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون

AM:09:54:10/09/2026

748 جار خوێندراوەتەوە

وه‌زاره‌تى دادى عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتییەوە، زیاتر لە ١٣ هەزار زیندانی لە زیندان ئازاد کراون، ڕێکارەکانی ئازادکردنی نزیکەی حەوت هەزار سزادراوی دیکەش بەردەوامە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراقی ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی جێبەجێکردنی هەموارکراوی یاسای لێبووردنی گشتی لە ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ٧ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، ١٣ هەزار و ١٠٣ زیندانی لە زیندان ئازاد کراون.

وتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری ئازادکردن بۆ شەش هەزار و ٨٠٧ زیندانیی دیکەش دەرچووە کە مەرجەکانی یاساکەیان تێدایە، ئێستاش ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە دادوەرییەکان تەواو دەکرێن تاوەکو ئەوانیش ئازاد بکرێن.

جەختی لەوەش کردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گەڕانەوەی ئازادکراوان بۆ زیندان تۆمار نەکراوە و کەسیان تاوانی نوێیان ئەنجام نەداوەتەوەو ڕوونیشیکردەوە ئەمە پێچەوانەی یاسای لێبووردنی ساڵی ٢٠١٦ـیە کە تێیدا ژمارەیەک لە ئازادکراوان دووبارە تاوانیان ئەنجام دابووەوە و دەستگیر کرابوونەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٨ـی شوباتی ٢٠٢٥، هەر سێ یاسای لێبوردنی گشتیی و باری کەسیی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان لە ڕۆژنامەی "وەقائیع" بەفەرمی بڵاوکرایەوە، بەمەش هەر سێ یاساکە کەوتنە باری جێبەجێکردنەوە و سەدان هەزار کەس لێی سوودمەند بوون.













گەلەری