سەردێڕ:

ترەمپ وادەی کۆتاییهاتنی جەنگی ئێرانی ئاشکراکرد

PM:11:15:09/09/2026

1508 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت هێرشی زیاتر دەکەنە سەر ئێران و تا ئێستا نۆ کەشتیی ئەو وڵاتەیان تێکشکاندووە، هاوکات جەختی کردەوە، جەنگی ئێران راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکانی مانگی تشرینی دووەمی داهاتووی ئەمریکا کۆتایی پێدێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکدا رایگەیاند، هەنگاوەکانی بەرامبەر ئێران زۆر لە رێککەوتنی ئەتۆمی زیاترن و لە ئێستادا بە دوای رێککەوتندا ناگەڕێن، سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیاش، ئاشکرایکرد، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ پوتین باش بووە و روسیا دەیەوێت بگاتە رێککەوتن.

ترەمپ وتیشی، ئەمریکا هێرشی زیاتر دەکاتە سەر ئامانجەکانی ئێران و تا ئێستا نۆ کەشتیی ئێرانییان کردووەتە ئامانج و وتی، لەوانەیە ژمارەیەکی زیاتریشیان بپێکین و نقووم بکەن.

روونیشی کردەوە، ئەوەی بەرامبەر ئێران ئەنجامیدەدەن زۆر لە سنووری رێککەوتنی ئەتۆمی تێپەڕیوە و وتی، لە ئێستادا بە دوای هیچ رێککەوتنێکدا ناگەڕێن لەگەڵ تاران، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا دانوستان رووبدات.

ئاماژەی بەوەش کرد، جەنگی ئێران راستەوخۆ دوای سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی داهاتوو کۆتایی پێدێت و دوابەدوای ئەوەش نرخەکانی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

سەبارەت بە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، پوتین و زێلێنسکی رقیان لە یەکترییە، بەڵام لە جەنگ کردن ماندووبوون و ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دوو قۆڵییان هەیە، وتیشی، "پەیوەندییەکەی لەگەڵ پوتین زۆر باش بوو، ئەو دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.













گەلەری