سەردێڕ:

بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا، دەوامی فەرمانبەران درێژ دەکرێتەوە

PM:09:00:09/09/2026

1016 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی ٥٠٪ـی قەرزی کارەباوە، دەوامی کارمەندانی دابەشکردنی کارەبای رۆژهەڵات و رۆژئاوا تا کاتژمێر ٩ی شەوی پێنجشەممە درێژ دەکرێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە ۱۰ی ئەیلولی ٢٠٢٦، دوا وادەیە بۆ سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوونی ٥٠٪ـی قەرزی کارەبا، ئاگاداری هاووڵاتیانیش دەکاتەوە، کە بنکەکانی دابەشکردنی کارەبای رۆژهەڵات و رۆژئاوا تا کاتژمێر ٩ـی شەو کراوە دەبن تا هاووڵاتیان بتوانن مامەڵەکانیان ئەنجامبدەن.

بەپێی ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەپێناو کارئاسانی بۆ هاووڵاتیان و رەخساندنی هەلی زیاتر تاوەکو لە داشکاندنەکە بێبەش نەبن، بڕیاریداوە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی (بە هەردوو کەرتی رۆژهەڵات و رۆژئاوا) تا کاتژمێر ٩ـی شەو لە سەرکارەکانیان بمێننەوە و دەوام بکەن.

داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات لەم کاتە زیادکراوەدا سەردانی بنکەکانی دابەشکردنی کارەبا بکەن، تاوەکو سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەریان بدەنەوە.

لە لایەکی ترەوە، کارەبای هەڵەبجەش دەڵێت، لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەوانیشدا تا کاتژمێر شەش دەوام درێژدەکرێتەوە.

پێشتر وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٥٠٠هەزار هاوبەش هاوبەش قەرزەکانیان پاکتاو کردووە و زیاتر لە ٤٠٠ملیار دینار گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت، بە کۆی گشتیش هێشتا نزیکەی ٦٠%ـی هاوبەشانی کارەبا قەرزەکانیان پاکتاونەکردووە.














گەلەری