سەردێڕ:

دەستەی دەستپاکی عێراق: تۆڕێکی خێزانیی بەرتیل وەرگرتن لە بابل دەستگیرکرا

PM:05:40:09/09/2026

1016 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی و دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێن، لە دوو چالاکیی جیاوازدا تۆڕێکی خێزانیی بەرتیل وەرگرتنیان لە پارێزگای بابل دەستگیرکرد و رێگریان کردووە لە بەهەدەردانی زیاتر لە ۳۱ ملیۆن دینار لە دەروازەی زرباتیە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی و دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بڵاویانکردەوە، لە دوو چالاکی جیاوازدا تۆڕێکی خێزانییان لە بابل دەستگیرکرد کە لە باوک (لێپرسراوی خەمڵاندنی نرخی خانوبەرە) و دایک و کوڕێک (فەرمانبەری شارەوانیی حللە) پێکهاتبوون دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە وەبەرهێنەران، هاوکات لە دەروازەی زرباتیە دەستیان بەسەر پێنج بارهەڵگردا گرتووە و رێگریان لە بەهەدەردانی زیاتر لە ۳۱ ملیۆن دینار کردووە.

دەستەی دەستپاکی دەشڵێت، ئەم خێزانەی کە دەستگیرکراون مەرجی داراییان خستووەتە سەر ئەو وەبەرهێنەرانەی خوازیاری بەکرێگرتنی زەوییەکانی پارێزگاکە بوون تا مامەڵەکانیان بۆ ئاسان بکەن، دوای دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامە و کارتە بانکییەکانیان و دانپێدانانیان، دادوەر بەپێی ماددەی (٣٠٧) لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرکردن.

لە لایەکی ترەوە، عەلادین قەیسی وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، لە دەروازەی زرباتیە لە پارێزگای واست، دەستیان بەسەر پێنج بارهەڵگری کەلوپەلی پلاستیکیدا گرتووە، بە جۆرێک بارهەڵگرەکان هەوڵیانداوە بە دەستکاریکردنی پێناسی گومرگی و ساختەکاری لە هەژمارکردنی باجدا کاڵاکان بهێننە ناو وڵات، بەو هۆیەوە، رێگریی لە بەهەدەردانی ٣١ ملیۆن و ٣٥٢ هەزار دیناری عێراقی کرا و شۆفێر و بارهەڵگرەکان رەوانەی بنکەی پۆلیسی گومرگی زرباتیە کران تا رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر.













گەلەری