PM:05:33:09/09/2026
1280 جار خوێندراوەتەوە
ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئامادەیی خۆیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەربڕی و دەشڵێن، رێگریکردن لە پێکهێنانی حکومەت زیان بە ژیان و داهاتووی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، کۆبوونەوەیەکی لوتکە لە سلێمانی لە نێوان ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو، جەختیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن کردەوە، بەشێوەیەک کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا هەبێت، هاوکات هۆشدارییان داوە کە هەر لایەنێک بێتە بەربەست لەم پرۆسەیەدا، بەرپرسیارێتیی داهاتوو لەئەستۆ دەگرێت.
لە
کۆتایی کۆبوونەوەکەدا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا هەردوولا
ئامادەیی تەواویان دەربڕی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، بە جۆرێک حکومەتەکە هاوسەنگ بێت و لەسەر ئاستی
ناوخۆ و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پەسەندکراو بێت، هەروەها هەڵگری چارەسەری
بنەڕەتی بێت بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە
بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هۆشدارییەکی تووندیاندا بە ئەوانەی ئاستەنگ بۆ
پێکهێنانی حکومەت دروست دەکەن و دەڵێن، پێکنەهێنانی حکومەت راستەوخۆ بەستراوەتەوە
بە ژیان و گوزەران و داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە هەر لایەنێک ببێتە هۆکاری
بەربەست لە پێکنەهێنانی حکومەت، بە تەواوی بەرپەرسیار دەبێت بەرامبەر بە خەڵکی
کوردستان و هەر رووداوێک کە لە داهاتوودا رووبدات.
لە
کۆتاییدا، هەردوو لایەن جەختیان کردەوە، بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەی
ئێستا و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی، هەموو رێگەیەکی چارەسەر دەگرنە بەر، هاوکات رایانگەیاند،
دەرگای گفتوگۆی هاوپەیمانێتییەکەیان کراوەیە بەرامبەر سەرجەم لایەنەکان، بەڵام
بەپێی ئەو واقیعە سیاسییە نوێیەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە.