سەردێڕ:

کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە سنوورە ئاوییەکانی عێراق کرایە ئامانج

PM:03:57:09/09/2026

1188 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرای کرد، کەشتییەکی گواستنەوەی سووتەمەنی لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق لە لایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە کرایە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەشتییەکی تایبەت بە گواستنەوەی سووتەمەنی کە ئاڵای وڵاتی پەنەمای بەرز کردبووەوە، لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا لە لایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە پێکرا و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی زیانی ماددی لە دیواری دەرەوەی کەشتییەکەدا.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لەناو تیمەکانی کەشتییەکەدا لێ نەکەوتووەتەوە، هەروەها هیچ دزەکردنێکی سووتەمەنی بۆ ناو ئاوەکە رووی نەداوە و سەلامەتیی ژینگە پارێزراوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، لایەنە ئەمنی و فەرمی و دەریاییەکان دەستیان بە گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان کردووە وکەشتییەکە جیا کراوەتەوە و خراوەتە ژێر چاودێریی بەردەوام، هاوکات چاودێریی مەیدانیی ناوچەکانی دەوروبەری دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی دزەکردنی سووتەمەنی یان مەترسی لەسەر سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا.

لە کۆتاییدا وەزارەتی گواستنەوە باسی لەوە کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە وردی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان و سەرچاوەی هێرشەکە دەکەن، لە داهاتووشدا هەر زانیارییەکی نوێ و پشتڕاستکراوە هەبێت بڵاوی دەکەنەوە.













گەلەری