سەردێڕ:

دەستەی دەستپاکیی عێراق: لە ساڵی ڕابردوودا ٤١ هەزار باجدەر باجیان نەداوە

PM:02:58:09/09/2026

1028 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرای کرد، زیاتر لە ٤١ هەزار باجدەر لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا خۆیان لەو باجانە لاداوە، کە لەسەریان بووە بیدەن، هاوکات داوای کرد ڕێکارى یاسایی بگیرێتەبەر بۆ بەهێزکردنی کۆکردنەوەی باج و زیادکردنی داهاتەکان.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای سەردانی مەیدانی بۆ چەند فەرمانگە و شارەوانییەکی بەغدا دەرکەوتووە، بەشێک لە شارەوانییەکان لە ساڵی ڕابردوودا داهاتیان ٣٧ ملیار دینار بووە، هەروەها ٤١ هەزار باجدەر باجیان نەداوە.

هاوکات دەستەکە داواى کردووە ڕێکارێکى یەکگرتوو و یاسایی هەبێت بۆ کۆکردنەوەی باجی خاوەن پیشەکان، ڕیکلام و تێچووی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، بەپێی یاسای کۆکردنەوەی قەرزە حکومییەکان، نەک بەکارهێنانی ڕێکاری نایاسایی وەک مۆرکردنی دوکانەکان یان دانانی بلۆکی کۆنکرێتی.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێشنیاز کراوە پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی یەکگرتوو درووست بکرێت تاوەکو باجدەران بتوانن زانیاری لەسەر بڕی باج، قەرز و ئەوەی داویانە وەربگرن، بەهۆی ناڕوونی لە بنەمای هەژمارکردنی هەندێک باج و کەمیی زانیاری هاوڵاتییان لەسەر ئەو بڕە پاره‌یەی کە لەسەریانە.

هاوکات پێشنیازیش کراوە مۆڵەت نەدرێت یان نوێ نەکرێتەوە شوێنەکانى گەشتوگوزار، هۆتێل، بانک، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، نەخۆشخانە و کلینیکە تایبەتەکان، زێڕنگەرەکان، وێستگەکانی سووتەمەنی و موەلیدەکان، تا دوای هێنانی ئەستۆپاکی لە فەرمانگەکانی ئەمانەتی بەغداد.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تا ئێستاش کار بە خەمڵاندنی پیشە و کارەکانی ئەمانەتی بەغدادی ساڵی ٢٠١٨ دەکرێت، داوا کراوە نوێ بكرێنەوە بەجۆرێک لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابوورییەکاندا بگونجێت، بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات دەوڵەت.













گەلەری