میدیاکانی ئێران دەڵێن، تاران و واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە سەرقاڵی ئاڵوگۆڕی مەرج و پێشنیازی نوێن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، لە کاتێکدا سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران جەخت لەسەر پابەندبوون بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشوویان دەکاتەوە و ناکۆکیی سەرەکیی هەردوولاش لەسەر ئاسایشی گەرووی هورمز چڕبووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تاران و واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی پەیام و ئێران داوای مەرجی نوێ دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، تەوەرەی سەرەکیی ناکۆکییەکانیشیان لەسەر ئاسایشی گەرووی هورمز چڕبووەتەوە دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ گەڕانەوەی بۆ یاداشتەکەی مانگی حوزەیران رەتکردەوە و سزاکانی تووندتر کردۆتەوە.
میدیاکانی
ئێران دەشڵێن، تاران و واشنتن بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕکردنی پەیام و پێشنیاز و مەرجی
نوێ تاوەکو بتوانن زەمینە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ
خۆش بکەن.
لە
لایەکی دیکەوە، نووسینگەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، هیچ
هۆکارێک بەدی ناکەن بۆ پاشەکشەکردن لەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی پێشتر لەگەڵ ئەمەریکا
واژۆ کرابوو، جەختیشی کردەوە، پابەندن بە
یاداشتەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی پێشهات و بارودۆخەکە هەڵسوکەوت دەکەن.
ئەم
پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، کە رۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز) راپۆرتێکی
بڵاوکردبووەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکانی ئەم
دواییەی نێوان واشنتن و تاران لەسەر ئاینده و ئاسایشی گەرووی هورمز چڕبووەتەوە.
بەپێی
زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئیدارەی ترەمپ رەتیکردووەتەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەو یاداشتی
لێکتێگەیشتنەی پێشوو، لە بەرامبەردا، تاران هەوڵ دەدات ئەو رێککەوتنە ببووژێنێتەوە
تاوەکو وەک دەروازەیەک بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ
جووڵەی کەشتیگەلی نەوت بەکاریبهێنێت.