سەردێڕ:

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە قەزای رزگاری گەنجێک کوژرا

PM:08:12:08/09/2026

1144 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی رووداوێکی تەقەکردن لەلایەن کەسێکەوە بۆ سەر ماڵی دراوسێیەکیان لە قەزای رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان، کوڕێکی تەمەن ١٨ ساڵ گیانی لەدەستدا و کچێکیش بریندار بوو، پۆلیسی گەرمیانیش دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوەکەی راگەیاند.


ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە قەزای رزگاری، گەنجێکی لەدایکبووی ٢٠٠٨ و کچێک بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی کەلار کران، بەڵام کوڕەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

عەقید عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لە قەزای رزگاری کەسێک تەقەی لە ماڵی دراوسێیەکی خۆیان کردووە و بەو هۆیەوە کوڕ و کچێک بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای رەوانەکردنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە لە شارۆچکەی کەلار، یەکێک لە بریندارەکان کە کوڕێکی لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، هاوکات چارەسەری پێویست بۆ بریندارەکەی دیکەش کراوە.

وتیشی، تۆمەتباری سەرەکیی تەقەکردنەکە دەستگیرکراوە و لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ زانینی هۆکار و پاشخانی ئەم رووداوە.













گەلەری