سەردێڕ:

گروپە چەکدارەکان مەرجی نوێیان هەیە بۆ رادەستکردنی چەک

PM:05:16:08/09/2026

1152 جار خوێندراوەتەوە

گروپە چەکدارەکانی عێراق دەڵێن، پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەستراوەتەوە بە بەدیهێنانی سەروەریی تەواوەتی بۆ وڵات، هاوکات رێکەوتی ٣٠ی ئەیلولی داهاتوویان وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ جدییەتی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە کشانەوەیان لە عێراق ناوبرد.


ئەمڕۆ سێشەممە ٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، کازم فەرتوسی وتەبێژی کتائب کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا راگەیاند، گروپە چەکدارەکانی عێراق دژی رادەستکردنەوەی چەکەکانیانن و پرسی کۆکردنەوەی چەکەکانیان بەستووەتەوە بە بەدیهێنانی سەروەریی تەواوەتی بۆ وڵات، کە خۆی لە پاراستنی زەوی و ئابووری و بڕیاری سیاسیی عێراقدا دەبینێتەوە.

وتەبێژەکەی کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا وتیشی، گروپە چەکدارەکانی عێراق دژی رادەستکردنەوەی چەکەکانیانن و پرسی کۆکردنەوەی چەکەکانیان لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپەکانەوە تاوتوێکراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، بنەمای سەرەکیی ئەوان ئەوەیە چەک لە بەرامبەر سەروەریدا دەبێت و تا سەروەریی تەواوەتی بەسەر ئاسمان و زەوی و ئابووریی عێراقدا بەدینەیەت، دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.

روونیشی کردەوە، رێکەوتی ٣٠ی ئەیلول تایبەتە بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ جدییەتی ئیدارەی ترەمپ لەسەر ئەو پرسە، هاوکات جەختی کردەوە، دوای ئەو وادەیە گفتوگۆکان لەسەر چارەنووسی چەک دەستپێدەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆبوونەوەی ئامادەکاریی نێوان حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپەکان بەهۆی ئامادەنەبوونی بزووتنەوەی نوجەبا دواکەوتووە، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی کارگێڕیی دەوڵەت هۆشداریداوە، کە دوای ٣٠ی ئەیلول هەر گروپێکی چەکدار لە دەرەوەی یاسا بەپێی یاسای دژەتیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.













گەلەری