PM:04:45:08/09/2026
2928 جار خوێندراوەتەوە
دەستەی گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هۆشداریی تووند دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رۆژی پێنجشەممە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ی وەک وادەی ئەنجامدانی گردبوونەوەی سەرتاسەری راگەیاند، بە مەبەستی بەدیهێنانی داواکاریی سەرەکییان کە دامەزراندنی هەمیشەیییە بەبێ هیچ مەرجێک.
ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦، دەستەی گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی فەرمیی ئاڕاستەی رای گشتی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم مامۆستایان کرد، لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، دوای ساڵانێک لە خزمەتی بەردەوام و قوربانیدان لە کەرتی پەروەردەدا، تەنها داواکاریی رەوا و نەگۆڕی ئەوان دامەزراندنی هەمیشەیییە بەبێ هیچ مەرجێک.
دەستەکە
هۆشداریی تووندیشی داوەتە هەر لایەن و حیزب و بەرپرسێک لە بەرامبەر هەر کەمتەرخەمی و
دواخستن یان سازشکردنێک لەسەر مافەکانیان و رایانگەیاندووە، رێگە بە هیچ
بڕیارێکی نیوەناچڵ و یاریی پێکردن بە چارەنووسی مامۆستایانی گرێبەست نادەن.
دەشڵێن، داوا لە سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست و خەمخۆرانی
کەرتی پەروەردە کراوە بۆ بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانیان بەشداریی کارا بکەن لە
گردبوونەوە مەدەنییەکەی رۆژی پێنجشەممە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، کە کاتژمێر ١٠:٠٠ی
سەرلەبەیانی لەم شوێنانە بەڕێوەدەچێت:
- سلێمانی: بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی (پەروەردەی رۆژهەڵات، رۆژئاوا،
قەرەداغ).
- کفری: بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کفری.
- پشدەر: بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پشدەر.
- دوکان: بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دووکان.
- هەڵەبجە: بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەڵەبجە.
سەبارەت
بە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، نوێنەرانی دەستەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، لە
گفتوگۆی چڕدان بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانێکی گەورە و سەرتاسەری لە بەردەم ئەنجومەنی
وەزیران لە هەولێر، بە مەبەستی سەپاندنی داواکارییەکانیان و رایانگەیاندووە کات و
وردەکارییەکەی لە راگەیەندراوی داهاتوودا بڵاودەکەنەوە.