سەردێڕ:

لە ماڵی بەرپرسێکدا دەستبەسەر بڕێکی زۆر پارە و زێر و ٩٤ تاپۆی خانوبەرەدا گیرا

PM:03:56:08/09/2026

1288 جار خوێندراوەتەوە

لە ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانیدا بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، دەستەی دەستپاکی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەددین توانیویانە بەرپرسی بەشی موڵکایەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی تکریت و فەرمانبەرێکی هەمان بەش دەستگیر بکەن، دوای سەلماندنی تێوەگلانیان لە دەستبەسەرداگرتنی زەویی هاوڵاتییان.


ئەمڕۆ سێشەممە ٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەپێی راگەیەندراوی دەستەی دەستپاکیی عێراق، تۆمەتبارەکە بە هاوکاریی ژمارەیەک فەرمانبەر و راسپێردراو، وەسڵی مامەڵەی تەرخانکردنی زەویی هاووڵاتییانیان بە نرخێکی زۆر کەم کڕیوەتەوە و دواتر خستوویاننەتەناو لیستی فەرمی وەجبەکانی دابەشکردنی زەوی، تا ببنە خاوەنیان و بییانفڕۆشنەوە و قازانجەکەی لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و دەستگیرکردنی بەرپرسەکە، لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا دەست بەسەر ٩٤ بەڵگەنامەی زەویی سەر بە شارەوانی، کۆمەڵێک پسوڵەی وەرگرتنی مامەڵەی هاوڵاتییان، بڕێک پارەی عێراقی و دۆلار، ئۆتۆمبێلێکی نوێ، چەکی سووک و کۆمەڵێک زێڕدا گیراوە.

هاوکات فەرمانبەرێکی تری هەمان بەش دەستگیرکراوە کە لە ماڵەکەیدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی فەرمی شارەوانی، لەوانە مامەڵەی تەرخانکردنی زەوی و گواستنەوەی موڵکایەتی شاردرابوونەوە.

لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی، هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددەکانی (٢٨٩/ ٢٩٨) لە یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.













گەلەری