سەردێڕ:

گرانی نەوت مەترسی لەسەر دارستانەکانی هەرێم دروستکردووە

PM:02:21:08/09/2026

1192 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە هۆشداریی لە تێکچوونی ژینگە و لەناوچوونی دارستانەکانی هەرێم دەدات و داوا دەکات حکومەت پێش هاتنی وەرزی سەرما، سوتەمەنی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بکات.


ئەمڕۆ سێشەممە ٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، ڕێکخراوی ئایندە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پایز و زستان، حکومەتی هەرێم دابەشکردنی سوتەمەنی دوا دەخات، ئەمەش وای کردووە نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە.

وتیشی، کە بەپێی راپۆرتەکانی پۆلیسی دارستان، لەم ماوەیەی دواییدا هاوڵاتییان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیان بە بڕینەوەی درەختەکان کردووە بۆ خۆگەرمکردنەوە، چونکە سەرما لەو ناوچانە وەک حاجی ئۆمەران و پێنجوێن زووتر دەست پێ دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٢، نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێم لەناوچوون یان رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بوونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە خێزانێک لە ناوچە کوێستانییەکان پێویستی بە لایەنی کەم ١٠ بەرمیلی ٢٠٠ لیتری هەیە بۆ وەرزی زستان، دابینکردنی ئەم بڕە پارەیەش لە توانای هاوڵاتییاندا نییە.

باسی لەوەشکرد، رێکخراوی ئایندە ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوینی ساڵی رابردوو بەرمیلێک نەوت بە ١٣٠ هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا لە شاری هەولێر نرخەکەی گەیشتووەتە ٢٧٠ هەزار دینار و گومان دەکرێت بگاتە ٣٠٠ هەزار دینار. لە کاتێکدا حکومەتی عێراق هەر بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی ٣٠ هەزار دینار دەداتە هاوڵاتییان، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەگەر دابەشی بکات، نرخەکەی ١١٠ هەزار دینارە.

هاوکات،  داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کراوە پێش هاتنی سەرما دەست بە دابەشکردنی سوتەمەنی بکات، چونکە بەکارهێنانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ خۆگەرمکردنەوە بۆ هاوڵاتییان گونجاو نییە و ئەگەر سوتەمەنی دابین نەکرێت، بڕینەوەی دارستانەکان بەردەوام دەبێت و کارەساتی ژینگەیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.













گەلەری