سەردێڕ:

لە خورماتوو مێردمنداڵێک دوای لە ژێر ئەشکەنجەی باوک و خاڵی گیانی لەدەستدا

AM:10:33:08/09/2026

11640 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو لە گەڕەکی کۆماریی قەزای خورماتوو، مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ دوای ئەوەی حەوت دەفتەر دۆلاری خێزانەکەی لە یارییەکی تیکتۆکدا دۆڕاند، لەلایەن باوک و خاڵییەوە بە سەختی ئەشکەنجەدرا و پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.


ئەمڕۆ سێشەممە ٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکان و وتەی شایەتحاڵەکان، ئەمین جەلیل کە لەدایکبووی ساڵی ٢٠١٠ـیە و دانیشتووی گەڕەکی کۆماریی خورماتووە، بڕی حەوت دەفتەر دۆلاری (٧٠ هەزار دۆلار) پارەی ماڵەوەی لە یارییەکی تیکتۆکدا دۆڕاندووە، دوای ئاشکرابوونی بابەتەکە، لەلایەن باوک و خاڵییەوە بە تووندی ئەشکەنجەدراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.

چاوگێکیش لە نەخۆشخانەکەوە رایگەیاند، ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجەدانی تووند بە جەستەی قوربانییەکەوە دیار بووە و پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

دوای رووداوەکەش دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی خورماتوو دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانییان هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا باوک و خاڵی مێردمنداڵەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و وتویانە، بەهۆی دۆڕاندنی ئەو بڕە پارە زۆرەوە کوڕەکەیان ئەشکەنجە داوە و نیازی کوشتنیان نەبووە و تەنها ویستویانە تەمبێی بکەن و رووداوەکەش قەزا و قەدەر بووە














گەلەری