سەردێڕ:

نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی شەش هەفتەی رابردوو

PM:09:57:07/09/2026

440 جار خوێندراوەتەوە

نرخی نەوت بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا تۆمار کرد، ئەوەش بەهۆی راگرتنی بەشێک لە هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە گەرووی هورمز.


ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزترین ئاستی شەش هەفتەی رابردووی تۆمار کرد، بەجۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٩٧ دۆلار بەرزبووەوە، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد، نرخی خاوی برێنت ١.١٩ دۆلار (بە رێژەی ١.٢٪) بەرزبووەوە و گەیشتە ٩٧ دۆلار و ٤٧ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، دوای ئەوەی لە کاتژمێرەکانی پێشتردا ئاستی ٩٧.٩٣ دۆلاری تۆمارکردبوو کە بەرزترین ئاستییەتی لە دوای ٢٤ی تەممووزی رابردووەوە.

هاوکات نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسیش ٧٨ سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە ٩٢.٢٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەوەش لە ئاستی پێوانەیی شەش هەفتەی رابردووی نزیک دەکاتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردووش بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان، نەوتی برێنت بەڕێژەی ٨٪ و نەوتی ئەمریکیش بەڕێژەی ١٠٪ ڕوویان لە هەڵکشان کردبوو.

سەبارەت بە هۆکاری ئاڵۆزییەکانیش، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، هێزەکانیان سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان کردووەتە ئامانج، کە یەکێکیان لە نزیک دوورگەی خارگ بووە، لە بەرامبەریشدا، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سێ کەشتیی نەوتهەڵگریان لە گەرووی هورمز و سێ کەشتیی ئەمریکییان لە ناوچەکانی دیکە کردووەتە ئامانج.













گەلەری