بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری مۆلیدە، بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری هەولێر گردبوونەوە، لە کاتێکدا کێشەی تەکنیکی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان تۆڕی کارەبا لە سلێمانی و دهۆکیش تووشی پچڕان کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، لە شاری هەولێر دانیشتوانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دژی بڕانی کارەبا و بەرزیی نرخی ئەمپێری مۆلیدە گردبوونەوە، لە کاتێکدا لە پارێزگای دهۆک پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ کەمتر لە ١٦ کاتژمێر کەمبووتەوە و پێشبینی دەکرێت نرخی ئەمپێری مۆلیدە بگاتە ١٥ هەزار دینار.
لە
هەمان کاتدا، ماوەی چەند کاتژمێرێکە کارەبای بەشێک لە
گەڕەکەکانی سلێمانی تووشی پچڕان بووە، لەو بارەیەوە ئەنوەر حەمەسەعید بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای
سلێمانی دەڵێت، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و لۆدی سەر فیدەرەکان هۆکاری
کوژانەوەی کاتیی کارەبایە و لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی خێرای کێشەکە.
لە
شاری هەولێریش، دانیشتوانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دژی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانیی
بۆ کەمتر لە ١٢ کاتژمێر گردبوونەوە، خاوەن مۆلیدەکانیش داوای هاوکاریی یان
بەرزکردنەوەی نرخی ئەمپێر دەکەن، سەرەڕای ئەوەی لە دوو مانگی رابردوودا بۆ هەر
ئەمپێرێک ٢٠ هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە.
لە دهۆکیش،
پێدانی کارەبا بۆ کەمتر لە ١٦ کاتژمێر کەمیکردووە، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای پارێزگاکەش
هۆکارەکەی بۆ کەمبوونەوەی پشکی مێگاواتی پارێزگاکە لە سەرچاوەی سەرەکیی
بەرهەمهێنانەوە گەراندەوە، خاوەن مۆلیدەکانیش هۆشداریی دەدەن، ئەگەر نرخی گاز بە
بەرزی بمێنێتەوە، ئەوا نرخی ئەمپێر دەگاتە نزیکەی ١٥ هەزار دینار.