سەردێڕ:

سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: داهاتی ئاو سێ هێندەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە

AM:11:06:07/09/2026

268 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، جەختیش دەکاتەوە کە بەردەوامن لە ڕێکارەکانیان بۆ زیادکردنی یەدەگی ستراتیژی و ئامادەکاری بۆ هەر شەپۆلێکی لافاو.


ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، خالید شیمال، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕی ئەو ئاوەی دەگاتە بەنداوی موسڵ گەیشتووەتە (٦٤١) مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی (٢٠٢٥)دا تەنها (١٩٢) مەتر سێجا بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا یەدەگی ئاوی دەریاچەی بەنداوەکە دەگاتە حەوت ملیار و (٢٥٠) ملیۆن مەتر سێجا، بەراورد بە ملیارێک و (٦٠٠) ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵی ڕابردوودا.

سەبارەت بە ڕووباری فورات، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ڕوونیکردەوە، ئەو ئاوەی دەگاتە بەنداوی حەدیسە بۆ (٨٩٦) مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەرزبووەتەوە، بەراورد بە (١٥٨) مەتر سێجا لە ساڵی پێشوودا، لە کاتێکدا بڕی بەردانەوەی ئاو لە ئێستادا (٥٠٠) مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، بەرامبەر بە (٣٧٥) مەتر سێجا لە ساڵی ڕابردوودا.

ئەوەشی خستەڕوو، داهاتی بەنداوی حەدیسە شەش هێندەی ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە، ئەوەش وایکردووە یەدەگی ئاو تیایدا بۆ پێنج ملیار و (١٠٠) ملیۆن مەتر سێجا بەرزببێتەوە، بەراورد بە نزیکەی ملیارێک و (٨٠٠) ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵی (٢٠٢٥)دا، لەگەڵ هەبوونی بۆشاییەک بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجای دیکەی ئاو.













گەلەری