AM:10:32:07/09/2026
384 جار خوێندراوەتەوە
کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما دادەبەزن و ئەگەری خۆڵبارینێکی کەمیش هەیە، شارەزایەکی کەشناسیش پێشبینی دەکات شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم بگرێتەوە و دەڵێت، "بارانبارین لەم کاتەی ساڵدا بە "کەپرەشینە" ناسراوە و نیشانەیە بۆ هاتنی پایزێکی پڕباران".
ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی هەرێم، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لەگەل بوونی تۆز و خۆڵێکی سووک، هاوکات پلەکانی گەرما بە یەک بۆ دوو پلە نزم دەبنەوە.
لەبارەی
کەشوهەوای سبەینێش کەشناسیی هەرێم ڕایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پلەکانی
گەرما بە دوو بۆ سێ پلە نزمدەبنەوە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمرۆ.
هاوکات سالار عەلی، شارەزا لە بواری کەشناسی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، بەپێی نوێترین نەخشەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ (حەوتی ئەیلوول) شەپۆلێکی ناسەقامگیری و بارانبارینی لاواز ڕوو لە ناوچە شاخاوی و کوێستانەکانی هەرێم دەکات و هۆکاری ئەم شەپۆلە دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی بارستە هەوایەکی شێدار لە دەریای ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبییەوە، کە بەهۆی سیستەمێکی پەستانی هەوای نزم و تێکەڵبوونی لەگەڵ چینە ساردەکانی سەرەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورەبروسکە و بارانی کەم، پێشبینیش دەکرێت سبەینێ کاریگەرییەکەی کۆتایی بێت.
سەبارەت بە
دیاردەی "کەپرەشینە"، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردەوە، ئەم ناوە لە
دابونەریتی لادێ و گوندنشینەکانەوە هاتووە؛ لە کۆندا کەپر و ساباتیان بە گەڵای
درەخت دروستکردووە، بەهۆی بارانی ئەم مانگەوە گەڵاکان ڕەنگیان سەوز و شین بووە و
گیا لە دەوروبەری کەپرەکاندا ڕواوە بێ ئەوەی تێکیان بدات.
لە ڕووی
کەشناسیشەوە، بارینی باران لە مانگی ئەیلوولدا بۆ دیاریکردنی ڕەوشی کەشوهەوای پایز
بەکاردێت، بەجۆرێک ئەگەر ببارێت بە مژدەیەک بۆ زووبارین و زۆریی بارانی پایز
دادەنرێت، ئەگەر نەشبارێت نیشانەیە بۆ کەمبارانی و وشکیی وەرزی پایز.
بەرزترین پلەکانی
گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: ٣٨ پلەی
سیلیزی
پیرمام: ٣٥ پلەی
سیلیزی
سلێمانی: ٣٦ پلەی
سیلیزی
هەڵەبجە: ٣٨ پلەی
سیلیزی
چەمچەماڵ: ٣٧
پلەی سیلیزی
دهۆک: ٣٧ پلەی
سیلیزی
زاخۆ: ٣٧ پلەی
سیلیزی
ئاکرێ: ٣٧ پلەی
سیلیزی
گەرمیان: ٤٠ پلەی
سیلیزی
حاجی ئۆمەران: ٢٧
پلەی سیلیزی.