سەردێڕ:

پێدانى کارەبا ٢٤ کاتژمێرییەکە لە دهۆک بۆ کەمتر لە ١٦ کاتژمێر کەمکراوەتەوە

AM:10:02:07/09/2026

332 جار خوێندراوەتەوە

لە پارێزگای دهۆک، پێدانی کارەبای نیشتیمانی لە پرۆژەی ناوبراو بە ٢٤ کاتژمێری بۆ کەمتر لە ١٦ کاتژمێر کەم بووەتەوە، و رۆژانە شەش بۆ ١٠ کاتژمێر کارەبا لە هاوڵاتییان دەبڕدرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، سەبارەت بە هۆکاری کێشەکە چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای دهۆک بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، کەمبوونی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە نییە، بەڵکو لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەباوە پشکی مێگاواتی دیاریکراوە کە بۆ دهۆک کەم بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، خاوەن مۆلیدەیەکی ئەهلی ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە رۆژانە نزیکەی ١٠ کاتژمێر کارەبای مۆلیدە دەدەنە هاوڵاتییان و وتیشی، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و نرخی گازیش بە بەرزی بمێنێتەوە، پێشبینی دەکرێت نرخی هەر ئەمپێرێکی مۆلیدە بگاتە نزیکەی ١٥ هەزار دینار.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی کارەبای حکومەتی ماوەبەسەرچوو رایگەیاندبوو، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە پێدانی کارەبا لە دهۆک و دەوروبەری کەم دەکات بەڵام تا ئێستاش کێشەکە چارەسەر نەکراوە، ئەمەش هاوڵاتییانی ناچار کردووە لە یەک کاتدا پارەی دوو جۆر کارەبا بدەن.













گەلەری