سەردێڕ:

دەستەی دەستپاکیی عێراق: لە مانگێکدا ٢٧ فەرمانی گرتن بۆ بەرپرسانی باڵا دەرچووە

PM:07:15:06/09/2026

1232 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماری چالاکییەکانی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنها لە مانگی رابردوودا ٢٧ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی باڵا دەرچووە و ١٩١ پڕۆسەی پشکنین و دەستبەسەرداگرتنیش ئەنجام دراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماری کار و چالاکییەکانی مانگی ئابی ٢٠٢٦ـی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان، لەو مانگەدا ٢٧ فەرمانی گرتن و بانگهێشتکردنی دادوەری بۆ ئەو بەرپرسانە دەرچووە کە خاوەن "پلەی تایبەت"ـن.

هەر لەو مانگەدا، دەستەی دەستپاکی ١٩١ پڕۆسەی پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی ئەنجام داوە و توانیویەتی ٧٨ تۆمەتبار لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیر بکات، هەروەها دادگاکان ٧٥ بڕیاری سزادانیان دەرکردووە و لەو چوارچێوەیەدا ٨١ کەس بە سزای جۆراوجۆر سزادراون.

سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان، دەستەکە ئاشکرای کردووە کە ٥٣ دۆسیەی تایبەت بە وەرگرتنەوەی تۆمەتبارانی هەڵاتوو و پارە قاچاخبراوەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات ئامادە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، سێ هەزار و ٤٤٩ فۆرمی ئاشکراکردنی دارایی لە لایەن فەرمانبەر و بەرپرسانەوە گەڕێندراونەتەوە و تێیدا دەرکەوتووە کە ١١ کەسیان بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ کارەکەیان تێکەڵ کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە پێناو چاودێریکردنی دامەزراوەکان، تیمەکانی دەستەی دەستپاکی ٧١ سەردانی مەیدانییان بۆ فەرمانگەکانی دەوڵەت ئەنجام داوە و سێ ڕاپۆرتی تایبەتیان دەربارەی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ڕاپەڕاندنی کارەکان ئامادە کردووە.













گەلەری