سەردێڕ:

بەغدا و هەرێم لەسەر توندکردنەوەی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان ڕێککەوتن

PM:04:21:06/09/2026

1136 جار خوێندراوەتەوە

کۆبوونەوەیەکی ئاسایشیی ئاستبەرز لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بەڕێوە چوو، کە تێیدا چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە دۆخی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ کران.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان ناوەند و هەرێم بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی بەغدا پێکهاتبوو لە سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بریکارانی وەزارەتی ناوخۆ، و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری. لە بەرامبەردا شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو لە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە، فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکان.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە تیشکیان خستە سەر هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای دەروازە سنوورییەکان و چالاککردنی ڕێکارەکانی هێزی پاسەوانی سنوور لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕێگریی تەواو لە قاچاخچێتی و پەڕینەوەی نایاسایی.

هاوکات گفتوگۆیی ورد کرا سەبارەت بە بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر ئاڵوگۆڕی خێرای زانیاریی هەواڵگری لە ڕێگەی بنکەکانی هەماهەنگیی هاوبەش، ئەنجامدانی ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەش و ڕادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە دادگا کرایەوە.

دوای خستنەڕووی تێبینییەکانی سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە سەبارەت بە پلانی مەیدانی، کۆبوونەوەکە بە دەرکردنی ژمارەیەک ڕاسپاردەی بەپەلە بۆ یەکخستنی هەوڵە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیریی سنوورە نێودەوڵەتییەکان کۆتایی هات.













گەلەری