سەردێڕ:

بانکی ناوەندی لەبارەی گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەکانی دینار روونکردنەوە دەدات

PM:03:51:06/09/2026

1380 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، گۆڕینی دراوی نیشتمانی لە دەسەڵاتی راستەوخۆی بانکی ناوەندیدایە، بەڵام پرۆسەی سڕینەوەی سفرەکان لە دراودا پێویستی بە دەرکردنی یاسایەکە لە پەرلەمانی عێراقەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک شارەزای بواری ئابووری، نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی روونی کردەوە کە چاکسازییەکانی کەرتی بانکی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای "ئۆلیڤەر وایمان" بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمه‌و بەدواوە هیچ سزایەک لەلایەن لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە بەسەر کەرتی بانکیدا ناسەپێنرێت، چونکە بڕوای نێودەوڵەتی بە بەنکی ناوەندی زۆر بەرزە.

باسی لەوەشکردووە، ئەو حەوت بانکەی کە رێگەیان پێدراوە بە دراوی جگە لە دۆلار مامەڵە بکەن، بەم زووانە دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی پارەی سپێردراوان لە بانکی تەیف پارێزراون، لە حاڵەتی روودانی هەر کورتهێنانێکدا بانکی ناوەندی دەستوەردان دەکات.

وتیشی، وەبەرهێنانەکانی عیراق لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، چونکە وەک پەناگەیەکی ئارام دادەنرێت و تاقە وڵاتە کە پارێزبەندیی داوەتە عیراق، لە کاتێکدا مەترسییەکانی وەبەرهێنان لە وڵاتانی تردا زۆر گەورەن.

دەربارەی بڕی دراوی نەقدی لە بازاڕدا، ئاشکرای کرد: کۆی بارستەی نەختینەی دەرچوو گەیشتووەتە ١٠٧ تریلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی ئێستا لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت نزیكەی ٤٠ تریلیۆن دینارە.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، کابینەی ئێستای حکومەت بە فکری کەرتی تایبەت بەڕێوە دەبرێت و دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە باشکردنی وێنەی عیراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەروەها ئاماژەی بە دەستپێشخۆریی نوێی قەرزدان کرد بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژە گرنگ و حەیاتییەکان.













گەلەری