دوای بێسەروشوێنبوونیان دوای هەشت مانگ وا بڕیارە ئەمشەو ٣٣ کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیاوە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانیش دەڵێت، گەندەڵی و نادادی دوو هۆکاری سەرەکی بێزاربوون و نائومێدبوونی گەنجانە، بۆیە گەنجانیشمان ڕوو لەو ڕێگا ترسناکانە دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ڕایگەیاند، کوردستان لە ئێستادا لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە مانەوەی ئێمە و دڵسۆزیمانە، بۆیە پێویستە ئێمە بە هەموو تەمەنەکانەوە بەڵێن بدەین، کە نیشتیمان بەجێنەهێڵین و لەگەڵ ئازار و خەمەکانی بمێنینەوە بۆ هەمیشە، با کاریگەری کۆمەڵێ بەرپرسی نا بەرپرس، کە نیشتیمان و خاک بەکاردەهێنن، نەبێتە هۆکاری ساردبوونەوەمان لە خۆشەویستی نیشتیمان، چونکە نیشتیمان هەمیشەییە.
وتیشی،
گەڕانەوەی ٣٦ کۆچبەر کە لە چەند کاتێکی جیاوازدا لە وڵاتی لیبیا دەستگیرکراون و
دواتر نێردراون بۆ باڵیۆزی عێراق لە لیبیا، کە ٣٢ کەسیان خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕینە و
چوار کەسی دیکەشیان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی وەکو دووکان و چەمچەماڵن.
هەروەها، داواش
دەکەین کە ٢١ هاوڵاتیی دیکە لە دووکاتی جیاوازدا کە هەشت کەسیان لە ١٥ـی ئازاری
ئەمساڵدا و ١١ کەسیان لە مانگی ٨ـەوە تاکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە، بۆیە
داواکارین لە حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، بێنە سەرخەت بۆ
ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ڕۆڵەکانمان، داوا لە دەسەڵات دەکەین، کە ڕێگری لەم کۆچە بە
لێشاوانە بگرن.
لە کۆتایی
قسەکانییدا سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژەی بەوەشکرد، گەندەڵی و نادادی
دوو هۆکاری سەرەکی بێزاربوون و نائومێدبوونی گەنجانە، بۆیە گەنجانیشمان ڕوو لەو
ڕێگا ترسناکانە دەکەن بۆ گەیشتن بۆ ئەورووپا و پێویستە چارەسەر بکرێن.
هاوکات باوکی
یەکێک لە ئەو کەسانەی لە لیبیاوە دەگەڕێتەوە ڕایگەیاند، داواکارم لە خێزانەکان کە
ڕۆڵەکانیان توشی ئەو قەدەرە و دەستی قاچاخچیان نەکەن و ڕێگری لە ڕۆشتنیان بکەن،
هیوادارم ئیتر حکومەتی هەرێم بێتە سەر خەت و دەرفەت بۆ گەنجان و بیکارەکان
بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی بە هەموومانەوە بتوانین ڕێگا لەو کۆچ و قاچاخچیانە بەگرین.