لە ڕانیە نوێنەری سێ یەکەمەکان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، نۆ ساڵە مافمان دەخورێت و لە چاوەڕوانیداین، هەر ساڵێک بە بیانوویەک ڕاماندەگرن، ئیتر پێویستە ئێمەش دوای دەرچوونمان ڕاستەوخۆ هاوشێوەی یەکەمەکانی عێراق دابمەزرێین، نەک لە چاوەڕوانییدا بمانهێڵنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە بەردەم زانکۆی ڕاپەڕین لە ڕانیە، نوێنەری سێ یەکەمەکانی ناوچەکە بە مەبەستی دامەزراندنیان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
لازۆ ئەحمەد، لە سەرناوی دەرچووانی دانەمەزراو
ڕایگەیاند، ئێمە وەکو دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم دوای
ئەوەی ٤٧ جار خۆپیشاندانی ئاشتیی و هێمانەمان ئەنجام داوە و نۆ ساڵە چاوەڕوانی
دامەزراندنین، کە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت بایۆمەتریمان ئەنجام داوە و تەنها دوا
واژووی خۆی ماوە بۆ دامەزراندنی ئێمە.
وتیشی، نۆ ساڵە مافمان دەخورێت و لە
چاوەڕوانیداین، هەر ساڵێک بە بیانوویەک ڕاماندەگرن، دەمانەوێت وەکو دەستەی
نوێنەرانی سەرجەم سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ هەموو لایەکی ڕوون
بکەینەوە، دوای کۆبوونەوە و قسەکردنمان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژە و بەڕێوەبەری
بودجەی هەرێمی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەگشتیی و بەشێک
فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و زۆربەی ئەندامە کوردەکانی خۆمان لە
پەرلەمانی عێراق، کە هیچ لایەنێک نییە نەڵێت ئەمە مافی خۆتانە، سەرباری ئەوەی بە
پێی یاسای ژمارە (١٠) بڕگەی (٢٥)ـی ساڵی (٢٠٠٨)ـی هەرێمی کوردستان و مادەی ٦٧ـی
ساڵی ٢٠١٧ـی پەرلەمانی عێراق، پێویستە ئێمە دوای دەرچوونمان ڕاستەوخۆ هاوشێوەی
یەکەمەکانی عێراق دابمەزرێین، نەک نۆ ساڵ چاوەڕوان بین و دەستی دەستیمان پێبکەن.
هەروەها، دەمانەوێت ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕوون
بکەینەوە، کە دانەمەزراندنمان جگە لەوەی کەمتەرخەمی هەرێمی کوردستانە، لە ئێستادا
لەسەر شانی شاندی دارایی هەرێم و سەرجەم ئەندامانی کوردی پەرلەمانی عێراق دەکەوێت،
بۆیە تکا دەکەین بە هەمووتانەوە کۆتایی بەم چاوەڕوانییە تراژیدییە بهێنن و پێداگری
بکەن لەسەر مافی کورد و ئێمەی یەکەمەکان و ئایندەی دکتۆر و پرۆفیسۆرەکانی زانکۆ و
پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان.