سەردێڕ:

دوو کرێکار لە سلێمانی و گەرمیان لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدا

PM:06:23:05/09/2026

340 جار خوێندراوەتەوە

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سنووری سلێمانی و گەرمیان دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و سەرۆکی سەندیکای بیناسازیش دەڵێت، لەمساڵدا ٢٢ کرێکار لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە و ئامارەکانی گیانلەدەستدانی کرێکار ڕوو لە هەڵکشانە.


ئەمڕۆ شەممە ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دوو کرێکار لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گیانیان لە دەست داوە، کرێکارێک بە ناوی حەمید فەرەج کە تەمەنی ٤٦ ساڵە و پیشەی کارەبا بووە لە کاتی کارکردندا بە تەزووی کارەبا گیانی لە دەست داوە لە گەرمیان لە سنووری کەلار.

وتیشی، کریکارێکی دیکەیان بە ناوی خەلیل ئەحمەدی تەمەن ٦٠ ساڵ لە چەمچەماڵ، لە شوێنکارێکدا لە کاتی کارکردندا کە بینایەکیان ڕووخاندووە، بووە بە ژێر شۆفڵێکەوە و گیانی لەدەستداوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممەیە و لە فەرمانگەکانی حکومی پشووە، بەڵام کرێکاران کاردەکەن و پشوویان نییە و گیانلەدەست دەدەن، ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەکانە.

هەروەها عوسمان زیندانی باسی لەوەشکرد، "ئەم ڕووداوانە ئەوەمان پێدەڵێت کە ژینگەی کار لە کوردستان بۆ کرێکاران گونجاو نییە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٢٢ کرێکار لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەست داوە، بە پێی ئامار و بەدواداچونەکانی ئێمە و لیژنەکان کە یەکێک لەو کرێکارانە ژن بووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ئامارانە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ڕوو لە هەڵکشانە و بەرپرسیاری ئەم ڕووداوانە دەکەوێتە سەر شانی هەموومان بەتایبەت خاوەنکار.













گەلەری