سەردێڕ:

ئامانج ڕەحیم: بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ئەسیکۆدا داهاتی هەرێم کەمیکردووە

PM:04:00:04/09/2026

1176 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم ئاشکرایکرد، بڕیاری جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدایان رادەستی بەغدا کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە تەواوی رێکنەکەوتوون.


ئەمڕۆ هەینی ٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم، بەشداریى لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە و یاداشتێکی پێشکەش کردووە، لەبارەى ئەوەى هەرێم بڕیاری جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆداى داوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا کردووە و یاداشتێکی فەرمیی پێشکەش کردووە، کە تێیدا رەزامەندیی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی سیستمی گومرگی (ئەسیکۆدا) خستووەتەڕوو.

روونیشی کردەوە، بەپێی ئەم بڕیارە پێناس و رێکارە گومرگییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یەکدەخرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دوو پێناس و رێکاری جیاواز جێبەجێ دەکران. هاوکات یاسا و رێنماییە بازرگانییەکان هاوتا دەکرێن و داتا و زانیارییەکانی هەردوولا هاوبەشییان پێدەکرێت.

وتیشی، خاڵی سەرەکی و ناکۆکیی ئێستا کە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، بریتییە لە میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنووریییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ ئەو مەبەستە هەرێم پێشنیازی خۆی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کردووە.

لە کۆتاییدا جەختی لەسەر پێویستیی خێراکردنی پرۆسەکە کردەوە و ئاشکرایکرد، دواخستنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێم زیانێکی زۆری دارایی گەیاندووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهات بە رێژەی ٧٨٪، لە کاتێکدا لە حکومەتی فیدراڵ دوای جێبەجێکردنی هەمان سیستەم داهاتی گومرگ بە رێژەی ١١٤٪ زیادیکردووە.













گەلەری