سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: پێشمەرگە هێزێکی دەستورییە بەڵام لە هەرێم هێزی میلیشیایی و حزبی و شەخسی هەیە

PM:02:30:04/09/2026

1076 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەر هێزێکی سەربازی فەرمان لە حیزب یان تاکەکەس وەربگرێت و لەژێر رکێفی دامەزراوە دەستوورییەکاندا نەبێت هێزێکی میلیشیاییە، جەختیشی کردەوە، سەرەڕای خەرجکردنی ملیاران دۆلار لەلایەن هاوپەیمانانەوە، پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە شکستی هێناوە.


ئەمڕۆ هەینی ٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە کرد، ناوی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگە ناو و هێزێکی بە تەواوی دەستووری و یاسایین و هیچ ناکۆکییەکی لەسەر نییە، بەڵام لە واقیعدا لە هەرێمی کوردستان هێزی میلیشیایی و حیزبی و شەخسی بوونیان هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە پێویستە ئەو هێزانە یان بە تەواوی چەک بکرێن، یانیش لەناو دامەزراوە نیشتمانی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا یەکبخرێن و بەتەواوی تێکەڵ بکرێنەوە.

شاسوار عەبدولواحید باسی لە هەوڵەکانی وڵاتانی هاوپەیمانان کرد بە سەرکردایەتی ئەمریکا و رایگەیاند، لە ماوەی ۱۰ ساڵی رابردوودا ملیاران دۆلاریان خەرج کردووە بە مەبەستی یەکخستنی تەنها هەشت لیوای پێشمەرگە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئەو ئامانجە نەپێکراوە و سەرکەوتوو نەبوون.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو لیوایانە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دیکەدا، هێشتا لە کردار و رەفتاردا فەرمان لە کەسایەتی و حیزبەکان وەردەگرن، نەک لە دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.













گەلەری