بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە، لە ئێستاشدا بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان بە ٨٥ بۆ ٨٧ دۆلار و بەبێ هیچ داشکاندنێک دەفرۆشرێت.
ئەمڕۆ هەینی 4ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، عەلی نزار بەڕێوەبەری سۆمۆ رایگەیاند، لە مانگی ئابی رابردوودا هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە و داهاتەکەی ٤.٥ ملیار دۆلار بووە، ئاشکراشی کرد، لە هەوڵدان بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیاد بکەن بۆ ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
بەڕێوەبەری
سۆمۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ٧٠٪ی ئەو نەوتەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت نەوتی
عێراقە، وتیشی، سەرباری ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و مەترسییەکانی گەرووی هورمز، عێراق
توانیویەتی مانگی ئابی رابردوودا لە ڕێگەی هێڵی باشووری گەرووەکە (کەناراوەکانی عومان) بە هاوکاری
کۆمپانیا باوڕپێکراوەکان، ٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، کە بەپێی ئامارەکانی
دامەزراوەی "پلاتس" ئەمە ٧٠٪ی کۆی ئەو نەوتەیە لەو ناوچەیەوە تێپەڕیوە و
داهاتێکی نزیکەی ٤.٥ ملیار دۆلاری بۆ وڵات مسۆگەرکردووە.
لەبارەی
دۆخی نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە ئاشکرایکرد، تاقیکردنەوە تەکنیکییەکانی بۆری
نەوتی عێراق - تورکیا بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون و هێڵەکە بە تەواوی ئامادەیە بۆ رەوانەکردنەوەی
نەوت.
ئەم
پێشهاتانە لە کاتێکدان، پێشتر پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم ناڕوون بوو، بەڵام لە
ئێستادا لە رێگەی سۆمۆوە نرخ و داهاتەکەی بە روونی ئاشکرادەکرێت و دەبێتە سەرچاوەی
دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە تەواوی داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ
خەزێنەی گشتیی عێراق.