سەردێڕ:

ئێران دان بە کاریگەریی گەمارۆ دەریاییەکاندا دەنێت و دەڵێت پلانی جێگرەوەم هەیە

PM:09:11:03/09/2026

2000 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، گەمارۆی دەریایی کاریگەری لەسەر پرۆسەی گواستنەوە و گەیاندنی نەوت بە کڕیارانیان دروستکردووە، بەڵام جەختی کردەوە، کە تاران رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ تێپەڕاندن و دەربازبوونی تەواوەتی ئەو ئاستەنگانە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، موحسین پاکنەژاد وەزیری نەوتی ئێران، سەرەڕای دانپێدانانی بە کاریگەریی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا لەسەر گواستنەوە و گەیاندنی نەوتی وڵاتەکەی بۆ کڕیارەکانیان، ئاشکرایشی کرد، پرۆسەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەیان رانەوەستاوە و پلانی جێگرەوەیان گرتووەتەبەر.

وەزیری نەوتی ئێران بە راشکاوی ئاماژەی بەوەش کرد، گەمارۆی دەریایی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی گواستنەوە و گەیاندنی نەوت بۆ کڕیارە دەرەکییەکان دروستکردووە، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە، گەمارۆکەی ئەمریکا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

وتیشی، بە ئامانجی پاراستنی ئاستی هەناردەکردن و ڕێگریکردن لە قەیرانی ئابووری، کۆمەڵێک رێکار و پلانی جێگرەوەیان گرتووەتەبەر بۆ دەربازبوونی تەواوەتی لەو سزایانە، بەجۆرێک کە پرۆسەی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت لە ئاوە دوورەکان و دەرەوەی ئاوە هەرێمییەکان بەردەوام بێت و رێگریی لە دروستبوونی تەنگژەی ئابووری بکات.

لە هەمان کاتدا، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چاوگێکی ئێرانیەوە بڵاویکردەوە، کە ئێران رووبەڕووی زەحمەتی و ئاستەنگییەکی زۆر بووەتەوە بۆ بەرگەگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا بە مەبەستی خنكاندنی ئابووریی وڵاتەکەیان.

چاوگەکە وتوشیەتی، دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتی کۆگاکراویان لە دەرەوەی ناوچەی گەمارۆکان هەیە، بەڵام سزاکانی ئەم دواییەی واشنتن بووەتە هۆی پاشەکشەکردنی نێوەندگیرەکان یان داواکردنی بڕە پارەیەکی زۆر زیاتر لە پێشوو.

لەلایەکی دیکەوە، باس لەوە دەکرێت کە یەدەگی بەنزینی ئێران تەنها بەشی دوو مانگی دیکە دەکات و بەهۆی سنوورداریی تواناکانی پاڵاوتنەوە ناچاردەبن بەنزین هاوردە بکەن.















گەلەری