سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنێک لەگەڵ تاڵیبان دەکات

PM:08:49:22/12/2021

6568 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی نووسراوێک نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی پێدانی نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار دەکات بە وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی لەو وڵاتەدا، لەکاتێکدا وەزیری ناوخۆی تاڵیبان لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکاوە داواکراوە.


ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەگوێرەی نووسراوێک و پشتراستکردنەوەی چاوگێکی ئاگادار، پێشنیازی پێدانی ئەو بڕە پارەیە لە ساڵی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت، بەمەبەستی زیادکردنی موچەی ئەو چەکدارانەی تاڵیبان کە پاسەوانی دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.

فەرحان حەق جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو خاوەن کارێک ئەرکی خۆیەتی کاتێک پێویست بکات, پشتیوانی لە تواناکانی ئەو وڵاتە بکات کە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەرووی ئاسایشەوە تیایدا پارێزراو نەبن.

هاوکات، هەندێک لە شارەزایان دەڵێن پێشنیازی پێدانی پارە بە تاڵیبان پرسیاری ئەوە دروست دەکات کە ئایا ئەم کارە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاڵیبان و رابەرە باڵاکانیدا یاخود نا، یان ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت بزانێت کە ئەگەر ئەو پارانە بۆ مەبەستی دیکە بەکاربهێندرێن یاخود نا.

یەکێک لەو سەرکردانەی تاڵیبان کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە جێگری سەرۆکی تاڵیبان و وەزیری ناوخۆی تاڵیبان سیراجەدین حەقانییە، کە سەرکردەی تۆڕی حەقانیە و بەرپرسە لە کوشندەترین هێرشەکانی شەڕی ٢٠ ساڵی ڕابردووی ئەفغانستان، ئەمەریکا ١٠ ملیۆن دۆلاریشی وەکو خەڵات داناوە بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.

بەرپرسی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا وتی تاڵیبان و تۆڕی حەقانی هێشتا لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادان و هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت پشتیوانیان لێبکات ئەوا رووبەڕووی مەترسی سزاکانی ئەمەریکا دەبێتەوە.

ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە چاوگەکە ئامادە نەبووە هیچ جۆرە زانیارییەکی دیەکە بدات لەسەر پرۆژەی پێشنیازکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاڵیبان بەمەبەستی رێککەوتن.













گەلەری

‌بەپەلە