وەزارەتی گواستنەوە، تەواوبوونی ٩٤٪ی نەخشەسازییەکانی هێڵی ئاسنین (شەمەندەفەر) و ٨٥٪ی ڕێگەی وشکانی بۆ پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە بوونی گفتوگۆی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا بەتوانا و باوەڕپێکراوەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
ئەمڕۆ ١ی ئابی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکان لە وەزارەتی گواستنەوە، حسێن ئەحمەد، ڕایگەیاند، "لێکتێگەیشتنێکی چوارچێوەیی لەسەر قۆناغی جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدان لەگەڵ لایەنی تورکی واژوو کراوە، کە پەیوەندیدارە بە هاوکاری و ڕاکێشانی کۆمپانیا هەرە باوەڕپێکراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە."
ئاماژەی بەوەش
کرد، "وەزارەت و حکومەت لە ئێستادا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی
قۆناغی یەکەم کە بریتییە لە نەخشەسازییە بنەڕەتییەکانی پڕۆژەکە و ناوچەکانی
تێپەڕبوونی ڕێگەکە لە پارێزگاکانی عێراق"، ڕوونیشی کردەوە کە "کۆمپانیای
ڕاوێژکاری ئیتاڵی کە بەرپرسە لە ئامادەکردنی نەخشەسازییەکان، ٩٤٪ی نەخشەکانی هێڵی
ئاسنین و ٨٥٪ی نەخشەکانی ڕێگەی وشکانی تەواو کردووە."
ڕوونی کردەوە
کە "کارکردن بەپێی کاتژمێر و خشتە دیاریکراو و ڕێککەوتووەکان بۆ قۆناغی یەکەم
بەردەوامە"،
ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەزیری گواستنەوە، وەهب حەسەنی، لە
سەردەمی ڕابردوودا گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپی وەک: ئیسپانیا
و ئیتاڵیا و چەند وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا کردووە سەبارەت بە گرنگی ئەم ڕێگایە.
عێراق دەستی هاوکاری درێژ دەکات بۆ هەموو کۆمپانیا جیهانییە باوەڕپێکراوەکان بۆ
بەشدارییکردن لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دوای تەواوکردنی نەخشەسازییەکان، لەبەر
ئەو سوودە هاوبەشانەی کە هەیەتی."
ئەوەش دوای ئەوەی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی لە دوا سەردانیدا بۆ تورکیا
ڕایگەیاندبوو کە دەستکراوە بە کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان.
هاوکات زەیدی
ئاماژەی بە گرنگییە گەورەکەی پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان کرد و بە
"ڕووباری سێیەم" وەسفی کرد، کە دوو وڵاتەکە دەکاتە خاڵی بەیەکگەیشتن و
بەستنەوە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
هەروەها جەختیشی
لەوە کردەوە کە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت،
سەرچاوە ئابوورییەکان بەرز دەکرێنەوە و لە بواری وزەشدا ڕێژەی گوێستنەوەی نەوت دوو
هێندە دەکرێتەوە.