وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا ئاشكرای كرد، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا نزیکەی ٤٩ هەزار کۆچبەر لە ڕێگەی سنووری مەغریبەوە هاتوونەتە ناو شاری سەبتەی ئیسپانیاوە.
ئەمڕۆ هەینی ٣١ـی تەمووزی ٢٠٢٦، وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی باری نائاسایی لە شاری سەبتە ڕاگەیەنرا، حکوومەت ٦٠ سەرباز و ٢٠٩ پۆلیسی پسپۆڕی ڕەوانەی شارەكە کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ڕەوشی شاری
سەبتە بەتەواوەتی ئاڵۆز بووە و فرۆشگاکان داخراون،
لە هەمانکاتدا خاوەن کارەکان ڕێکاریان گرتووەتە
بەر بۆ پاراستنی موڵکەکانیان.
وەزارەتەکە
ئاشكراشی كرد كە ئەمڕۆ هەینی تەرمی نۆ کۆچبەری دیكەیان دۆزیوەتەوە، بەمەش ژمارەی
گیانلەدەستدانی تۆمارکراو لە هەوڵەکانی پەڕینەوە بۆ ٦٠ کەس بەرزبووەتەوە.
دەشڵێت كە نەك
هەر شاری سەبتە، بەڵكو ئاڵۆزییەکان تەشەنەیان سەندووە بۆ شاری مەلیلە (دووەم
ناوچەی ئیسپانی لە باکوری ئەفریقا)، لەوێش شەڕ و پێکدادان ڕووی داوە و ئاگر لە سێ
ئۆتۆمبێل بەردراوە و چەندین برینداریشی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی
ناوخۆی ئیسپانیا لە کۆتایی راگەیەنراوەكەدا جەختی كردەوە كە مەدرید بەڵێنی داوە
هەموو ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو خاكی
ئیسپانیاوە، تۆڕەکانی قاچاخچییەتی تۆمەتبار کرد بەوەی كە ڕەوشەكەیان قۆستووەتەوە و
هەزاران هاووڵاتی مەغریبییان بە بەلەم گواستووەتەوە بۆ كەناراوەكانی ئیسپانیا.