سەردێڕ:

تره‌مپ: ده‌سته‌ی ئاشتی غه‌ززه‌ له‌سه‌ر چه‌كداماڵینی ته‌واوه‌تی حه‌ماس رێككه‌وتن

PM:05:11:31/07/2026

1164 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە رێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە کەرتی غەززە راگەیاند، ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی "پلانی ٢٠ خاڵیی ترەمپ" بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.


ئەمڕۆ هەینی، ٣١ـی تەممووزی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ترووس'، نووسیویەتی، "ئەنجوومەنی ئاشتی گەیشتووەتە رێککەوتنێکی مێژوویی سەبارەت بە چەکداماڵینی تەواوەتیی حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکەی غەززە."

دووپاتیشی کردەوە، ئەم هەنگاوە "وەرچەرخانێکی مێژووییە" بەرەو بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و گەرەنتی کردنی ئاسایشی ئیسرائیل. سەرۆکی ئەمریکا روونی کردەوە، رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کەرتی غەززە لە لایەن حکومەتێکی نوێی فەڵەستینییەوە بەڕێوە ببرێت، کە "بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاشتی کار دەکات بۆ هاوکاریکردنی گەلی فەڵەستین"
لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل ئەو ئاسایشەی دەستدەکەوێت کە شایستەیەتی و کەرتی غەززە چیدیکە وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکار ناهێنرێتەوە.
وتیشی، ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی "پلانی ٢٠ خاڵیی مندایە و ڕێگە بۆ قۆناغێکی نوێی ئاشتی و ئاسایش خۆش دەکات. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکە بە چەند قۆناغێکی رێکخراو جێبەجێ دەکرێت.
 هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی چەکداماڵین، هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە دەکشێنەوە و هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی، بە هاوکاریی دەزگایەکی نوێی پۆلیسی فەڵەستینی، بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی غەززە دەگرنە ئەستۆ. 
هەروەها ترەمپ باسی لەو پێشکەوتنانە کرد کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە دی هاتوون و وتی، "ساڵێک لەمەوبەر ناوچەکە شایەتی جەنگێکی فراوان، قەیرانی مرۆیی و دەستبەسەرکردنی بارمتەکان بوو، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکان بوونە هۆی ئەم پێشکەوتنە مێژووییە".













گەلەری