سەردێڕ:

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٣٠ بەرپرسی باڵای عێراق دەرچوو

PM:01:12:30/07/2026

1160 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، لە شارەوانی دیوانییە نزیکەی ٣٠ فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ ژمارەیەک بەرپرسی پێشوو و ئێستا دەرکرد و تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی شارەوانی هەڵوەشاندەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەکانیان لە شاری دیوانییە بە هەماهەنگی لەگەڵ "شانەی هەڵۆکانی هەواڵگری"، ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ١٥ فەرمانبەر و سێ بەڵێندەر دەستگیرکراون، کە کەرەستە و پێداویستییان بە نرخی زۆر و چەند هێندە، یان بۆ پڕۆژەی وەهمی بە شارەوانی دیوانییە فرۆشتووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دانپێدانانی تۆمەتباران بووەتە هۆی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پێنج بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی دیوانییە و بەڕێوەبەری ئێستای فەرمانگەکە، لەگەڵ شەش بەرپرسی بەشەکانی ژمێریاری و وردبینی و بەڕێوەبەری ئێستای ژمێریاریی پارێزگاکە. لە ئێستاشدا بەڕێوەبەری کارا و چەند بەڕێوەبەرێکی پێشوو وتەیان لێ وەرگیراوە و تیمەکانی دەستەی دەستپاکیش بەدوای تۆمەتبارەکانی دیکەدا دەگەڕێن بۆ دەستگیرکردنیان.

لە بەشێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەستبەسەر بڕێکی زۆر لە بەڵگەنامە و پسوڵەکانی خەرجکردندا گیراوە کە بڕەکەی زیاترە لە نۆ ملیار دینار، لەگەڵ چەندین مۆری ساختەی تایبەت بە لیژنەکانی کڕین، هۆبەی وردبینی، و باخچە و پارکی گشتی، هەروەها دەستبەسەر چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێک پارەی نەختینەدا گیراوە.

هاوکات دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی، بڕیاری ڕاگرتنی بۆ تۆمەتباران دەرکردووە و گەشتکردنیشی لە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانییە قەدەغە کردووە بەهۆی هەبوونی پەیوەندییان بە بەشێک لە تۆمەتبارەکانەوە.













گەلەری