راوێژکارێکی عەلی زەیدی زانیاری و پێشهاتی نوێی لەسەر هەڵمەتی بنبڕکردنی گەندەڵی ئاشکرا کرد و دەڵێت، کە رێژەی پارەی بەتاڵانبراوی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا، دوو تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە دادگاییکردنی تۆمەتبارەکان بە ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی تەمووزی ٢٠٢٦، مونیر حەداد، راوێژکاری یاسایی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا بەردەوامە و بەهۆی بەردەوامی هەڵمەتەکەش رۆژانە ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە زیادبووندایە و ئامارێکی کۆتایی لەبەردەستدا نییە.
وتیشی، "تۆمەتبارە سەرەکییەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و
دانپێدانانەکانیان بووەتە هۆی دەستگیرکردنی تۆمەتباری نوێ، هەندێک لە داواکراوانیش
هەوڵی راکردنیان داوە بۆ دەرەوەی عێراق یان هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم
هاوکارییەکی باشی نیشانداوە و تا ئێستا هەشت تۆمەتباری رادەست کردووینەتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لیستی تۆمەتباران بەرپرسی باڵای ئێستا،
پێشوو و پەرلەمانتاران لەخۆدەگرێت، تاوانەکانیش تەنها پەیوەست نین بە پارە بەڵکو
کەیسی ئاوسانی نائاسایی سەروەت و سامان دەگرێتەوە کە دەکەوێتە ژێر بنەمای
"لەکوێت بوو؟" و لەڕووی یاساییەوە وەک تاوانی سپیکردنەوەی پارە
دەناسرێت.
ئاشکراشی کرد کە بڕی پارەی دەستبەسەرداگیراو لای بریکارانی وەزارەت و
بەرپرسان هێندە زۆرە کە ناتوانرێت بڕوا بە ژمارەکانی بکرێت، بۆ نموونە هاوسەری
یەکێک لە تۆمەتباران عەقاراتێکی بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار کڕیوە، یان بەرپرس هەیە
زیاتر لە ٥٠ عەقارات بە ناوی خۆی و خێزانەکەیەوە تۆمار کراوە.
جەختیشی کردەوە کە بەپێی یاساکانی عێراق، پێویستە لێپرسینەوە لەو
لایەن و کەسانەش بکرێت کە هۆکار بوون بۆ دامەزراندنی ئەم گەندەڵکارانە لە پۆستە
هەستیارەکاندا، سەرسوڕمانی خۆیشی پیشاندا لەوەی چۆن فەرمانبەر یان ئەندازیارێکی
سادە لەپڕێکدا و بەبێ هیچ لێهاتووییەک دەبێتە بریکاری وەزیر تەنها بۆ ئەوەی ببێتە پەردەپۆشکەرێک
بۆ دزین و گەندەڵی بەردەوام.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دادوەر منیر حەداد دڵنیایی دا کە سەرجەم
پارە گەڕێنراوەکان و عەقاراتە دەستبەسەرداگیراوەکان بە تەواوی دەگەڕێنرێنەوە بۆ
گەنجینەی دەوڵەت، متمانەی ڕەهای خۆشی بە جیدییەتی سەرۆک وەزیران نیشاندا و بە
"شۆڕشگێڕێک دژی گەندەڵی" و "گەنجێکی سەرکەوتوو و بەتوانا"
وەسفی کرد، ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی نییە بۆ راگرتنی
هەڵمەتەکە، بەڵکو بەپێچەوانەوە پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی بەهێز هەیە.
سەبارەت بە فرەوانبوونی هەڵمەتەکە لە پارێزگاکاندا، حەداد پەردەی
لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی نوێی گەندەڵی لادا و وەک نموونە ئاماژەی بە
دەستگیرکردنی زیاتر لە ٢٨ کەسایەتی لە فەرمانگەی کارەبای بەسرە کرد، راشیگەیاند کە
هەڵمەتەکە بەبێ هیچ جیاکاری و هێڵێکی سوور سەرجەم فەرمانگەکانی ناسریە، عەمارە و
پارێزگاکانی دیکەش دەگرێتەوە و چاکسازییەکە هیچ ماوەیەکی بۆ دانەنراوە.
لە کۆتاییدا روونی کردەوە کە لە ئێستادا لێکۆڵینەوە و هەڵکوتانە
سەرەکان بە نهێنی بەڕێوەدەچن بۆ رێگریکردن لە راکردنی داواکراوان، سەرۆک وەزیرانیش
توندوتۆڵی زۆری نیشانداوە و سەرجەم فشار و ناڕەزایەتیی لایەنە سیاسییەکانی رەتکردووەتەوە
کە لە دانپێدانانی تۆمەتباران دەترسن.
ناوبراو دووپاتی کردەوە کە پڕۆسەکە دەگاتە قۆناغی دادگاییکردنی علنی و
کراوە و بە شێوەی راستەوخۆ بۆ هاوڵاتیان پەخش دەکرێت هاوشێوەی دادگاییکردنی سەدام
حسێن و رژێمەکەی، ئازادکردنی تۆمەتبارانیش بە هێچ جۆرێک ناکرێت و تەنانەت دەرچوون
بە کەفالەتیش پێویستی بە پێدانی بڕە پارەیەک هەیە کە هاوتای پارە دزراوەکە بێت.